Davit Kachkachishvili,Zana Natık Kerem
29 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2022
کێیڤ – AA
دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا رایانگەیاند، رووسیا ھێرشی نوێی بۆسەر ژمارەیەک ناوچەی ئۆکراینا ئەنجامداوە لەنێویاندا، کێیڤی پایتەخت کە ژمارەیەک لە ھێرشەکان، ژێرخانیان لەو ناوچانە کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا ئاماژەیان بەوەداوە کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە لێدراوە، ھەروەھا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لە کێیڤ بەرپەرچی ژمارەیەک ھێرشی مووشەکیی داوەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی شارەوانیی خارکێڤ، ئیھۆر تەرەخۆڤ رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ، زنجیرەیەک تەقینەوە لە شارەکە روویانداوە.
خارکێڤ لەڕووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە.
ھێرشەکانی ئەمڕۆ لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە ھێرشانە دێن کە رووسیا بۆسەر ژێرخان و شارەکانی ئۆکراینا ئەنجامی دەدات.
لە تشرینی یەکەمەوە، رووسیا ناوە ناوە ژێرخانی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری بە تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە گەیاندووە.