Dmitri Chirciu
29 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2022
مۆسکۆ-AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، یۆنان بەبێ مۆڵەتی رووسیا مافی گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-S-300ی نییە بۆ وڵاتێکی دیکە.
سێرگی لاڤرۆڤ لە تۆڕی میدیایی "پەرڤی کەناڵ"ی دەوڵەتی رووسیا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پرسانە کرد لە رۆژەڤدابوون و تیشکی خستە سەر ئەگەری دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-300 بۆ ئۆکراینا لەلایەن یۆنان-ەوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە سەرەتادا پلان وابوو ئەم سیستمانە لە قوبرسی باشوور دابنرێن و لە کۆتاییدا رادەستی یۆنان کران گوتی: "باڵیۆزی خۆمان راسپارد تاوەکوو بەبیر وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی یۆناندا بهێنێتەوە ئەم سیستەمە رادەستی یۆنان کراوە. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی ئەنجاممان داوە، یۆنان مافی ئەوەی نییە ئەو سیستەمە بگوازێتەوە بۆ هیچ کەسێک بەبێ مۆڵەتی ئێمە. ئەمەمان بەبیر یۆنان هێنایەوە. پێیان راگەیاندین کە پابەندی رێککەوتنەکە دەبن".
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەو جۆرە پرسانە کردووە و گوتی: "دەبێت وریا بین، چونکە زۆر شتی نایاسایی بە دروشمی 'ئێمە ئۆکراینا رزگار دەکەین، چونکە ئۆکراینا بەشێکە لە ئەورووپا' ئەنجام دەدرێت".
- " بۆ بەکارهێنانی سیستمی پاتریۆت ئەمریکا پلانی نییە کەسانی پسپۆڕ بنێرێت بۆ ئۆکراینا"
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی بڕیاری ئەمریکا بۆ ناردنی سیستەمی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا، گوتی: "لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە پرسیارمان لە ئەمریکییەکان کردووە؛ ئایا بڕیاری گواستنەوەی سیستەمی پاتریۆت کە بەکارهێنانی قورسە بەو واتایە دێت کە پسپۆڕانی ئەمریکی لەوێ دەبن (لە ئۆکراینا)؟. وەڵامێکی تا رادەیەک گشتگیرمان وەرگرت و پێمان گوترا کە ئەمە پلانی بۆ دانەنراوە، چونکە ئەمریکییەکان نایانەوێت راستەوخۆ لەگەڵ رووسیادا شەڕ بکەن".
لاڤرۆڤ ئاماژەی بە دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کرد و رایگەیاند کە ئەوان ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکراینا، "بەڵام ئەمریکا رێگە بەم کارە نادات".
سێرگی لاڤرۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشنیازەکانی گەیشتن بە رێککەوتنە دیپلۆماتییەکان رەت ناکەنەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێککەوتنانە ئەگەری هەیە، ئەگەر بێت و ناوچەکانی دۆنێتسک، ڵوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا وەک ناوچەی سەربە رووسیا دانی پێدابنرێت.