Kasım İleri
20 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2020
واشنتۆن - AA
گوتەبێژى وەزارەتى بەرگريى ئەمريكا (پنتاگۆن) جۆناسان هۆفمان، رايگەياند ئەوەيان بينيوە كە توركيا و رووسيا زۆر نزيكن لە پێكدادانێكى فراوان لە ئيدلب و گوتى، پێويستە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى فشار بخەنە سەر رژێمى ئەسەد بۆ كۆتايیهێنان بە هێرشەكانى سەر ئيدلب.
هۆفمان لەگەڵ گوتەبێژى سەرۆكايەتى ئەركانى سوپای ئەمريكا، ويليام دى براين لە پنتاگۆن كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى هاوبەشيان ئەنجامدا.
هۆفمان، لە وەلامى پرسيارێك دەربارەى دوايين پێشهاتەكانى ئيدلب ئاماژەى بەوە كرد كە پنتاگۆن هەڵوێستى سەبارەت بە سووريا نەگۆڕاوە و بڕوايان وايە چارەسەرى كۆتايى لە سووريا دەبێت سياسى بێت.
هۆفمان گوتيشى: "دەبينين ئەسەد بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر هاووڵاتيیانى خۆى. هێرشەكانى سەر ئيدلب دەبينين. دەشبينين رووسەكان و توركەكان لەو ناوچەيە زۆر نزيكن لە چوونە ناو پێكدادانێكى فراوان. ئومێدەوارين رێگەچارەيەك بدۆزنەوە بۆ خۆپاراستن لە روودانى ئەمە. ئێمە بەردەوامدەبين لە فشارەكانمان بۆ سەر كۆمەڵگەى نێوەوڵەتیى بۆ راگرتنى هێرشەكانى سەر ئيدلب لە سووريا و لە بانگەوازەكانمان بۆ دۆزينەوەى رێگەچارەى ئاشتى لە ناوچەكە".
هۆفمان ئەوەشى وەبيرهێنايەوە كە سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ دەربارەى ئيدلب لە نزيكەوە لەگەڵ سەركۆمارى توركيا رەجەب تەيب ئەردۆغان كاردەكات.
سەبارەت بە پرسيارى ئايا پنتاگۆنيش لە ناو ئەم كاركردنەدايە؟ هۆفمان خۆی لە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە بووراند.