Mazın Asad
19 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) دەنگۆکانی "ئۆپەراسیۆنی عەفرین پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا پالکێشی پشێوی دەکات" رەتکردەوە و رایگەیاند تاکە ھەنگاوێک ھۆکار نابێت بۆ پشێوی و لەوبارەیەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن.
لەبارەی روونکردنەوەکانی بەرپرسێکی ئەمریکا کە ئاماژە بە ناوی کراوە و رایگەیاندووە "بەرپرسانی ئەمریکی گوتوویانە، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین پشێوی دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و رێخۆشکەریش دەبێت بۆ سەرھەڵدانی پێکدادانی ناوچەیی"، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پنتاگۆن)، ئەریک پاھۆن لەوبارەیەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
ئەریک پاھۆن گوتی: "لەوبارەیەوە ھەڵسەنگاندن ناکەم، چونکە ئەمە زۆر بابەتێکە درێژ و ھەستیارە".
گوتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەش دا کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەو شێوەی باسی لێوە دەکرێت بەڕێوە ناچێت و گوتیشی: "تاکە ھەنگاوێک وەک روخسار ھۆکار نابێت بۆ پشێوی و ئاڵۆزی. ئێمە بەشێوەیەکی رێکوپێک لەگەڵ تورکیای ھاوپەیمانمان لە پەیوەندیداین".
پاھۆن ھەر لەوبارەیەوە گوتیشی: "گفتوگۆ لەسەر ئەمانە دەکەین. ھاوپەیمانێتی ئەمەیە. دەشێت ھاوپەیمان ھەمان بۆچوونی نەبێت، بەڵام بە ویستین بۆ کارکردن لەگەڵ یەکتر. لەبارەی عەفرینەوەش، ئێمە(سەربازانمان) لەوێ نین و بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت. دەمانەوێت ببینین کە ئامانجی سەرەکی ھەموو لایەک لەسەر لەناوبردنی داعش چڕ بێتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی رووسیا لە عەفرین، ئەریک پاھۆن رایگەیاند رێککەوتنێک لەوبارەیەوە لە نێوان تورکیا و رووسیا کراوە و ئەمریکاش بەشداری تیایدا نەکردووە.