Zana Natık Kerem
14 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2019
ریاز ــ AA
وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشکراوەتە سەر دوو وێستگەی نەوت.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە، خالید فالح گوتی: "ھێرشەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدراوە".
سەبارەت بە زیانەکانی ھێرشەکەش وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح رایگەیاند کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا ئاگرێکی گەورە لە وێستگەی ژمارە ھەشت کەوتەوە، بەڵام تواندراوە ئاگرەکە بکوژێندرێتەوە کە زیانێکی زۆری بە وێستگەکە گەیاندووە.
کەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەکان بڵاویکردەوە کە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربە حووسییەکان ھێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک وێستگەی نەوت لە سعوودیە.
خالید فالح راشیگەیاندووە کە سعوودیە ئیدانەی ئەو ھێرشە ترسنۆکانە دەکات و رایگەیاندووە "ئەم ھێرشە تیرۆریستییە و تێکدەرە لەگەڵ ئەو ھێرشانەی کە بەم دواییانە کرانە سەر چوار کەشتی لە نزیک ئاوەکانی ئیمارات، تەنھا سعوودیە بەئامانج نەکراوە".
وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە جارێکی دیکە بەئامانجکردنی ھەناردەکردنی نەوت بۆ جیھان ئەوە دەردەخات کە گرنگە زیاتر ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان بخرێنەگەڕ لەنێویاندا میلیشیا حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممەی رابردوو، دوو کەشتی نەوت ھەڵگری سعوودیە لە میانی پەڕینەوەیان لە کەنداوی عەرەبی لە نزیک ئاوی ھەرێمی ئیمارات، رووبەڕی ھێرشێکی تێکدەرانە بوونەوە.