Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ بە بۆنەی ١ی ئایار و رۆژی جیهانی كرێكارانەوە لە وڵاتانی جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستان چالاكی جۆراوجۆر و خۆپیشاندان و گردبوونەوە ساز دەكرێت. لە شاری سلێمانیش دەیان كرێكار گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و داوای باشتركردنی رەوشی كرێكارانیان كرد.
چالاكییەكە لە لایەن حزبی شیوعی كوردستانەوە رێكخرابوو، دەیان ئەندامی ئەو حزبە و كرێكاران لە بەردەم باخی گشتی گردبوونەوە، دواتر بەڕێپێوان بۆ ناوەندی بازاڕی شارەكە بە رێكەوتن و لە بەردەم بازاڕی كاسۆ مۆڵ دەستیان بە چالاكی كردن كرد لە گوتنەوەی هوتاف و گوتاری سەرپەرشتیارانی چالاكییەكە.
سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی، عوسمان حەمەسەعید بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینە لەسەر خراپی رەوشی كرێكاران و بێكاری و جێبەجێ نەبوونی یاسا ، چونكە ئەوەی هەیە رەوشی كرێكاران لە ئێستادا زۆر خراپە و بێكاری زۆر هەیە، هەروەها ئەوانەشی كاریان هەیە سەعاتی زیاتر كاریان پێدەكەن و زۆرترین خاوەن كار كرێكارەكان دەردەكەن لەسەر كارەكانیان".
ئەو گوتی: "تەنها لەساڵی 2017 دا لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك 16 كرێكار گیانیان لەدەستداوە و، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووشدا، 300 كرێكار گیانیان لەدەستداوە كە 90 لەسەدیان كرێكاری بیناسازین".
بە گوێرەی ئاماری سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان، نزیكەی 82 هەزار كرێكاری ناوخۆ و بیانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
یەك لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكەی سلێمانی، شوان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "داواكاری سەرەكی ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ماددەی 37 لە یاسای كاری عێراقی جێبەجێ بكات كە ساڵی 2015 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، ئەو یاسایە تایبەتە بە بەدەستهێنانی مافی زیاتری كرێكاران و گرەنتی كار و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و خانەنشینی و ئیمتیازاتەكانی تر بۆ كرێكاران".