Dlshad Saifaalddin Ahmed
05 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە پۆلێکی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی شاری سلێمانی (باسان) لە گەڕەکی ئیبراھیم ئەحمەد لە کاتی دەوامی قوتابیاندا ئاگر لە پۆلێکی قوتابخانەکەدا کەوتەوە و بەو ھۆیەوە پۆلەکە سووتا و زیانی ماددی زۆری بە قوتابخانەکە گەیاند.
دوای گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوەی سلێمانی تواندرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژھەڵاتی سلێمانی، جەمال مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاگرەکە لە پۆلی دووەمی قوتابخانەکە و لە کاتی پشوودا بە ھۆی کەوتنی قوتابییەکان بەسەر سۆبایەکی نەوتی جۆری سولان و گڕگرتنی سۆباکەوە سەری ھەڵداوە، ئەو سۆبایانەش گرەنتی نییە و بە ئاسانی گڕ دەگرێت".
بینای قوتابخانەکە ژوورەکانی کابینەیە و لە لایەن رێکخراوەکانەوە دروستکراوە، تیایدا نزیکەی ھەزار قوتابی لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تا شەشی بنەڕەتی لە دوو دەوامدا دەوام دەکەن.
ئەو گوتی: "ئاگرەکە زیانی ماددی بە کابینەکان گەیاندووە و بەو ھۆیەوە پۆلەکە و جانتای قوتابییەکان سووتاون، بەڵام خۆشبەختانە بەھەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە".
ئەو بەرپرسەی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سبەی چوارشەممەوە دەست بە دەوامکردن لە قوتابخانەکە دەکەنەوە و جۆری سۆباکانی ناو پۆلەکانیش دەگۆڕدرێن.