Naim Berjawi
01 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی ھێرشی وشکانی سنووردار لە باشووری لوبنان، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچەی زاحییە باشووری بەیروت و ھاوکات تۆپخانەکانی ئیسرائیل بە چڕی ژمارەیەک شارۆچکەی باشووری لوبنانیان بۆردومان کرد.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھەشت ھێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی زاحییە.
باسی لەوەش کردووە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە، ژمارەیەک باڵەخانە لە ناوچەی زاحییە ڕووخاون، ھەروەھا دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ژمارەیەک شارۆچکەی باشووری لوبنان، بە چڕی لەلایەن تۆپخانەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون.
ھاوکات حزبوڵڵای لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە چەکدارەکانیان بە "چەکی گونجاو"، سەربازانی ئیسرائیلیان لە ناوچەکەیەکی نزیک سنووری باشووری لوبنان، کردووەتە ئامانج. ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکە، ئامانجەکەی پێکاوە.
ھەروەھا حزبوڵڵا لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا، باسی لەوەکردووە کە بە ئاراستەکردنی گولـلە تۆپ، ھێزەکانی ئیسرائیلیان لە دەروازەی جوولەکەنشینی شتولا باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ئەم پێشھاتانەیش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی ھێرشی وشکانی لە باشووری لوبنان، ڕاگەیاندووە.