Davit Kachkachishvili
15 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2022
سڵۆڤیانسک - AA
یەکێک لەو ناوچانەی ئۆکراینا کە مەیدانی توندترین پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی رووسیا و ئۆکراینایە، شاری سڵۆڤیانسک-کە کە دەکەوێتە نزیک میحوەری دۆنباس. بەیانی ئەمڕۆش ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە مووشەکباران کرا.
لە ٢٤ی شوباتەوە کە رووسیا هێرشی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێ کردووە، هێرش و بۆردومان بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دۆنێتسک بەردەوامن.
ئەمجارەش لە شاری سڵۆڤیانسک کە دەکەوێتە دووری ١٥ کیلۆمەتر لە میحوەری دۆنێتسک-ەوە هێزەکانی رووسیا بە مووشەک هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوزی شارەکە و بەوهۆیەشەوە چەند قوتابخانە و خانوویەک زیانیان بەرکەوت.
بەرپرسێکی پۆلیس لە سڵۆڤیانسک ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کراوە و بەهێزترین هێرش بووە کە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامدرابێت.
کارمەندانی شارەوانی شارەکەش بەردەوامن لە کۆکردنەوەی داروپەردووی ئەو بینایانەی کە لە سێ خاڵی جیاوازدا، بەهۆی پەلامارەکەی بەیانی ئەمڕۆوە زیانیان پێگەیشتووە و بەو شێوەیەش راپۆرتی تایبەت بە زەرەر و زیانەکان ئامادە دەکەن.
- تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا
بەیانی ئەمڕۆ مووشەکێک لەبەردەم چەند ئەپارتمانێکی ناوەندی شاری سڵۆڤیانسک کەوتەخوارەوە و لە ئاکامدا بیناکانی نزیک لە شوێنی رووداوەکە زیانیان بەرکەوت.
یەکێك لە شایەتحاڵەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکەوە، دەستی بەسووکی بریندار بووە و هێرشەکەش کاتژمێر ٠٤:١٠دا ئەنجامدراوە.
ئەو شایەتحاڵە کە هاووڵاتییەکی تەمەن ٨٢ ساڵە بە ناوی رایسا کاخانسکی ئاماژەی بەوە دا کە بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستێت و گوتیشی: "پەلامارەکە لە کاتژمێر ٠٤:١٠- ٠٤:١٥دا روویدا. منیش لەو کاتەدا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرچایی بووم".
رایسا کاخانسکی باسی لەوەش کرد کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکەوە، شووشەی پەنجەرەی ماڵەکەی شکاون و گوتی: "لەگەڵ تەقینەوەکەدا جامە شکاوەکان بە ئاراستەی مندا هاتن. پارچەیەک شووشە بەر دەستی راستم کەوت و برینداری کرد، تەنانەت وردەشووشە پەڕییە ناو قژیشم، چێشتخانەکەشم بەتەواوی بەسەر یەکدا رژا. ئەوەندە تەقینەوەیەکی بەهێز بوو کە هەموو ئەپارتمانەکە لەگەڵیدا لەرزا".