Dildar Baykan Atalay
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن - AA
رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک لە میانی سەردانە دوو رۆژەکەیدا بۆ عێراق جەختی لەوە کردەوە کە سەربازانی ئەمریکا لە عێراق لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەدا نین.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەمیلی هۆرن لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە سەردانە دوو رۆژییەکەی برێت مەکگۆرک بۆ عێراق کۆتایی هاتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، برێت مەکگۆرک لە بەغدا چاوی بە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کەوتووە. لە هەولێریش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی هەرێم کۆبووەتەوە.
برێت مەکگۆرک ئەوەی دووپات کردووتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پابەندە بە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی "گفتوگۆی ستراتیجیی لەگەڵ عێراق" و چیتر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەدا نین.
رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی بەغدا، بەردەوام دەبێت لە مانەوەی لە عێراق.