Zafer Fatih Beyaz
10 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2022
سەمەرقەند – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە مەبەستی بەشداریکردن لە نۆیەمین لووتکەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک، کاتژمێر ١٣:٤٥ بە فڕۆکەی تایبەتی جۆری "TC-TRK" گەیشتە شاری سەمەرقەند لە ئۆزبەکستان.
سەرکۆمار ئەردۆغان و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەمەرقەند لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئۆزبەکستان، عەبدوڵڵا ئاریپۆڤ؛ جێگری سەرۆکوەزیران، جەمشید هۆجاێڤ؛ جێگری وەزیری دەرەوە، گایرەت فازیڵۆڤ و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو؛ باڵیۆزی تورکیا لە تاشکەنت، ئۆڵگان بەکار و باڵیۆزی ئۆزبەکستان لە ئەنقەرە، عەلیشەر ئازامهۆجاێڤ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە پێشوازییان لێ کرا.
هەریەک لە خاتوو ئەمینەی هاوسەری سەرکۆمار ئەردۆغان؛ وەزیری وەرزش و لاوان، مەهمەت موحەڕەم قەسابئۆغڵو؛ وەزیری کولتوور و گەشتیاری، مەهمەت نوری ئەرسۆی؛ وەزیری پەروەردە، مەحمود ئۆزەر؛ وەزیری بەرگری، خولوسی ئاکار؛ وەزیری بازرگانی، مەهمەت مووش؛ وەزیری ژێرخان و گواستنەوە، عادل کارائیسماعیلئوغڵو؛ سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتون و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیبراهیم کاڵن لەنێو ئەو شاندەدان کە یاوەری سەرکۆماری تورکیا دەکەن.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزایۆیەڤ بەشداری دەکات لە نۆیەمین لووتکەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک کە لە ژێرناوی "قۆناغێکی نوێی شارستانیەتی تورک: بەرەو خۆشگوزەرانی و گەشە و بووژانەوەی هاوبەش" ئەنجام دەدرێت.
لە میانی لووتکەکەدا، رێکخراوەکە بڕیاری گرنگ دەدات وەک رێبەری کارپێکردنی پێنج ساڵی یەکەمی دیدگای رێکخراوەکە کە نەخشەڕێگای ٢٠ ساڵەی چالاکییەکانی رێکخراوەکە پێک دەهێنێت و سەرۆکایەتی دەمکی رێکخراوەکەیش لە تورکیاوە رادەستی ئۆزبەکستان دەکرێت.
شەوکەت میرزایۆیەڤ "میداڵی نیشتمانیی" پێشکەشی ئەردۆغان دەکات و لە لووتکەکەدا، هەروەها بۆ خزمەتەکانی بە جیهانی تورک، خەڵاتی "میداڵی باڵای جیهانی تورک" بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبەخشرێت.