Zana Natık Kerem
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
ھەولێر - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەدرێژەی سەردانەکەی بۆ عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتە شاری ھەولێر و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ، سەردانی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا بکات.
ئیمانوێل ماکرۆن بەپێی کارنامەی سەردانەکەی بۆ شاری مووسڵ، سەردانی مزگەوتی نوری دەکات و دواتر کڵێسای ساعە لە ناوەڕاستی شارەکە بەسەردەکاتەوە.
کڵێسای ساعە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری مووسڵ لە ساڵانی رابردوودا، دوای داگیرکردنی شارەکە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەشێکی رووخێنرابوو.
دواتر سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دەگەڕێتەوە شاری ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئیمانوێل ماکرۆن دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دەرئەنجامی کۆی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ھەولێر و مووسڵ ئاشکرا بکات.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بە مەبەستی بەشدارییکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی گەیشتبووە عێراق و دوای تەواوبوونی لووتکەکە و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتە ھەولێر.