Muhammet Nazım Taşcı
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
ئیسلام ئاباد - AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خان لە ئیسلام ئاباد پایتەختی ئەو وڵاتە دەستگیر کرا.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکان بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستان، عیمران خان بە ئامانجی بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنیدا لە شاری لاهوورەوە چووەتە شاری ئیسلام ئاباد، بەڵام لە دەرەوەی دادگای باڵای ئیسلام ئاباد لەلایەن یەکە نیمچە فەرمییەکانەوە دەستگیر کراوە.
یەکێک لە پارێزەرانی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستان، بە ناوی فەیسەڵ چاودری رووداوەکەی پشتڕاست کردەوە.
تا ئێستاش نازاندرێت عیمران خان کە زیاتر لە ٩٠ داوای یاسایی لەدژ تۆمار کراوە، بەدیاریکراوی بە چ هۆکارێک دەستگیر کراوە.
کادرێکی ئەو پارتەش بە ناوی موسەڕات چیما لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، روونکردنەوەیەکی خستووەتەڕوو و باسی لەوە کردووە کە هێزە نیمچە فەرمییەکان لە کاتی دەستگیرکردنی عیمران خاندا، لێیانداوە و ئەشکەنجەیان داوە.
ئەم رووداوەش دوای ئەوە دێت کە خان، بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی تۆمەتبار کرد.
دوێنێش سوپای پاکستان، ئەو دەنگۆیانەی بە "ناڕاست و بێ بنەما" وەسف کرد کە باس لەوە دەکەن بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری لەپشت هەوڵی تیرۆرکردنی عیمران خانەوە بووە.
پێشتریش عیمران خان لە حەوتی ئایاردا، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هەریەکە لە سەرۆکوەزیران، شاهباز شەریف و وەزیری ناوخۆ، رەنا سەنائوڵڵا، هەروەها جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، فەیسەڵ ناسر لەپشت پلانی هەوڵی تیرۆرکردنییەوەبوون.
- هەوڵی تیرۆرکردنی عیمران خان
عیمران خان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، بەهۆی ئەوەی حکوومەتی هاوپەیمانی، هەڵبژاردنی پێشوەختی رانەگەیاندبوو لە شاری لاهوورەوە بۆ شاری ئیسلام ئاباد رێپێوانێکی دەست پێ کرد.
لە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لە شاری وەزیرئاباد، دەستڕێژی گولـلە لە کاروانەکەی خان کرا و بریندار کرا، هەر لەو پەلامارەدا کەسێک کوژرا و ١٣ کەسیش برینداربوون.
- حکوومەتەکەی عیمران خان لە مانگی نیساندا شکستی هێنا
لە ١٠ی نیساندا و لە میانی دەنگدانی پەرلەمانی پاکستاندا، حکوومەتەکەی عیمران خان بە ١٧٤ دەنگی "نەخێر" شکستی هێنا.
شاهباز شەریف برای نەواز شەریف کە بۆ سێ خول سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو لە دەنگدانی ١١ی نیسانی پەرلەمانی پاکستاندا بە بەدەستهێنانی ١٧٤ دەنگ، زۆرینەی رەهای بەدەستهێنا و وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ هەڵبژێردرا.