Ali Cura,Emre Gürkan Abay
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
مۆسکۆ – AA
لە رووسیا ٧٨ەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی جیهانیی دووەم بەرز راگیرا.
لە میانی چالاکییەکانی نۆی ئایار رۆژی سەرکەوتن لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەخت رێوڕەسمێکی سەربازیی بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار سەرباز و نمایشکردنی چەندین جۆر چەک و سیستەمی بەرگریی ئەنجام درا.
لە پاڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین؛ سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ؛ سەرکۆماری کازاخستان؛ قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ؛ سەرکۆماری قرغیزستان، سادر جاپارۆڤ؛ سەرکۆماری تاجیکستان، ئیمامالی رەحمان؛ سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزییۆیێڤ؛ سەرۆکی تورکمانستان، سەردار بەدیرمەحمودۆڤ و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینان بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
ئاماژە بەوە درا بەشێک لەو سەربازانەی لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون، بەشدارییان کردووە لە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ی رووسیا لە ئۆکراینا.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە بە قوربانیدان توانیان سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای نازیدا بەدەست بهێنن، گوتی: "لە دژی نیشتمانی دایک جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسێندرا، بەڵام توانیمان تیرۆری نێودەوڵەتیی تێک بشکێنین. بەردەوام دەبین لە پاراستنی دانیشتووانی دۆنباس. ئەو سیاسەتەی وڵاتانی خۆرئاوا گرتوویانەتە بەر دەبێتە هۆی جەمسەرگیریی و جیاکاریی زیاتر".
لە میانی رێوڕەسمەکەدا، تاجەگوڵینە لەسەر کۆتەڵی یادگاریی سەربازانیی ون داندرا.
رێوڕەسمەکە بە نمایشکردنی سیستەمی مووشەکی کیشوەربڕی "Yars"، کۆتایی هات.