Tuğçenur Akgün
09 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی بەڕازیل لەلایەن سەدان کەسی راستڕەوی توندئاژۆی لایەنگری سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە، جاییر بۆلسۆنارۆ سەرکۆنە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا دەربڕی.
جۆ بایدن لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە، سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد کە کراوەتە سەر "دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات".
سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەکەیدا بە راگەیاندنی "دامەزراوە دیموکراسییەکانی بەڕازیل خاوەنی پشتیوانی تەواومانن" ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئیرادەی گەلی بەڕازیل پێشێل نەکرێت، ئەوەیشی خستەڕوو کە بەتاسەوە چاوەڕوانی کارکردنە لەگەڵ لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا.
- خۆپیشاندانی لایەنگرانی جاییر بۆلسۆنارۆ لە شاری بەڕازیلیای پایتەخت
سەدان کەسی راستڕەوی توندئاژۆی لایەنگری سەرۆکی پێشووی بەڕازیل، جاییر بۆلسۆنارۆ کە لە بەڕازیلیای پایتەخت خۆپیشاندان دەکەن، بەرەو بینای کۆنگرێسی وڵاتەکە رێپێوانیان سازکرد و بەربەستەکانی پۆلیسیان بەزاند و چوونە ناو بیناکە و زیانیان پێگەیاند.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆشکی کۆماریی و دادگای باڵا، پۆلیسیش بە غازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بووەتەوە.
لە بەرامبەردا، لایەنگران و پشتیوانانی جاییر بۆلسۆنارۆ، داوای دەستوەردانی سوپا دەکەن.
لە میانی ئەم رووداوانەدا، سەرۆکی بەڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا بە سەردانێکی فەرمی لە شاری ساوپاولۆ باشووری خۆرھەڵاتی بەڕازیل بوو.
لە بەڕازیل کە گەورەترین وڵاتی ئەمریکای باشوورە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢١٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو و تیایدا سەرۆکی پێشوو، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا کە چەپڕەوە و پێشتر دوو خول سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کردووە، سەدا ٥٠،٩ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و جاییر بۆلسۆنارۆی راستڕەوی توندئاژۆش سەدا ٤٩،١ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لایەنگرانی جاییر بۆلسۆنارۆ ناڕەزایەتییان دەربڕی و سەرەتا دەستیان کرد بە داخستنی رێگا سەرەکییەکان کە چەندین رۆژی خایاند، دواتر لەبەردەم بارەگاکانی سوپا گردبوونەوە و داوایان لە سوپا کرد دەستوەردان بکات و دژبە رادەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بوەستێتەوە.
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕازیلدا، سەرکەوتنی بەدەست هێنا لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا لە پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد.