Enes Kaplan
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژى سەرۆكايەتى كۆمارى توركيا، ئيبراهيم كاڵن پەيوەندييەكى تەلەفۆنيى لەگەڵ راوێژكارى ئاسايشى نيشتمانى ئەمريكا، رۆبێرت ئۆبراين ئەنجامدا.
بە گوێرەى ئەو راگەيەندراوەى كە لە گوتەبێژى سەرۆكايەتى كۆمارى توركياوە بڵاوكراوەتەوە، لە ميانى پەيوەندييە تەلەفۆنييەكەدا تاوتوێى پەيوەندى دووقۆڵى، هێرشەكانى ئەرمينيا بۆسەر ئازەربايجان، پێشهاتەكانى خۆرهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست و بابەتەكانى ناوچەكە كراوە.
لە ميانى پەيوەندييە تەلەفۆنییەكەدا، بەردەوامبوونى توركيا لەسەر پاڵپشتيكردنى يەكپارچەيى خاك و سەروەرى ئازەربايجان راگەيەندرا و بۆ بەرپاكردنى ئاشتى و ئارامى لە ناوچەكە، كشانەوەى ئەرمينيا لە قەرەباغ و ئەو ناوچانەى داگيريكردووە بە پێويست زانراوە.
هەر لە ميانى پەيوەندييە تەلەفۆنیەكەدا، جەخت لە سەر كۆتاييهێنان بە هێرشەكانى ئەرمينيا بۆسەر ئازەربايجان و هەنگاونان لە چوارچێوەى بڕيارەكانى ئەنجوومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى و رێكخراوى ئاسايش و هەماهەنگى ئەورووپا كرايەوە و لە بارەى خۆرهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست، باس لەوە كرا كە پێويستە ئەمريكا رۆڵێكى هاوسەنگ و بێلايەن ببينێت.
لە پەيوەندييە تەلەفۆنییەكەدا، جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێويستە ئەو هەماهەنگی و ديالۆگەى كە بە سايەى هەڵويستى كردارى توركياوە هاتووەتە دى پاڵپشتى بكرێت و بێ بەرامبەر بەجێنەهڵدرێت و دووپات لە سەر پەرەپێدانى پەيوەندى ئابوورى نێوان توركيا و ئەمريكا كراوەتەوە.