Zana Natık Kerem
18 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
نەینەوا ــ AA
فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر، تاڵیب شەغاتی رایگەیاند كە هێزەكانی عێراق بەشی چەپی مووسڵیان كۆنتڕۆڵكردەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا كە لە ناحیەی بەرتلە سازی كرد تاڵیب شەغاتی وێرای راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی مووسڵ گوتی: "سەرجەم عێراقییەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی مووسڵ هاوكار بوون".
فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكاندا، داعش زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی ئاراستەی هێزەكانیان كردووە و گوتی: "داعش ھەموو جۆرە تاكتیكێكی لەدژی هێزەكانمان بەكارهێنا كە شكستمان بەسەرجەمیان ھێنا".
تاڵیب شەغاتی گوتیشی: "دانیشتوانی شاری مووسڵ گەواهیدەرن بۆ قوربانییەکانمان دەدەن كە هێزەكانمان لە میانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی مووسڵ داویانە".
سەبارەت بەتواناكانی داعش لە بەشی چەپی مووسڵ، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر گوتی: "داعش هەرچی هەبوو لەتوانایدابوو لەبەرامبەر هێزەكانی عێراق بەكاری هێنا و هەموویان توانانەكانی لەناو بران".
سەبارەت بەژمارەی كوژراوانی داعش لە بەشی چەپی مووسڵ، تاڵیب شەغاتی رایگەیاند كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی ئەو بەشە ٣ هەزار و ٣٠٠ تیرۆریستی داعش كوژراون.
لە میانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر ئاماژەی بەگرنگی رۆڵی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كرد لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی مووسڵ و گوتی: "فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی رۆڵێكی كارایان هەبوو لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی مووسڵ و چونكە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ژمارەیەكی زۆری ئامانج و شوێنە گرنگ و ستراتیجییەكانی داعشیان لەو بەشە خاپوور بوون كە ئەمەیش ئەركی هێزەكانی عێراق لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی چەپی شارەكە ئاسان كرد".
سەبارەت بەوادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، تاڵیب شەغاتی گوتی: "لە ئێستادا بەهۆی هەستیاری پلانەكە ناتوانیین وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راست ئاشكرا بكەین بەڵام كاتژمێری سفر بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە نزیكە".
لە ١٧ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵی راگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ هێزەكانی عێراق دابینكراوە.