Mücahit Aydemir
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2021
ته‌رابلوس - AA
له سه‌ردانێكدا بۆ ته‌رابلوس پایته‌ختی لیبیا، سه‌رۆكوه‌زیرانی میسر، مسته‌فا مه‌دبولی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی لیبیا، عه‌بدولحه‌مید دوبه‌یبه كۆبوویه‌وه.
مسته‌فا مه‌دبولی كه به یاوه‌ریی ١١ وه‌زیری كابینه‌كه‌ی سه‌ردانی ته‌رابلوسی كردووه، له رێوره‌سمێكدا له سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، له‌لایه‌ن عه‌بدولحه‌مید دوبهیبهوه به فه‌رمی پێشوازیی لێكرا. دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شانده‌كانی هه‌ردوولا، مه‌دبولی و دوبه‌یبه كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان سازكرد.
دوبه‌یبه له میانی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ستایشی رۆڵی میسری كرد له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گشتگیر بۆ قه‌یرانی لیبیا و پشتیوانیی قاهیره له دیالۆگی سیاسیی كه به رابه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له لیبیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی لیبیا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی هاوبه‌شیی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا، ژماره‌یه‌ك رێككه‌وتننامه‌یان له‌گه‌ڵ میسردا واژووكردووه و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه رێككه‌وتننامه‌كان له هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی كاره‌با، په‌یوه‌ندییه‌كان، ژێرخان، وه‌به‌رهێنان و ده‌ستكردنه‌وه به گه‌شته ئاسمانییه‌كان، له خۆده‌گرن.
عه‌بدولحه‌مید دوبه‌یبه ئاشكرایكرد ده‌ستكردنه‌وه به گه‌شته راسته‌وخۆكان له‌گه‌ڵ میسردا، هاوكار ده‌بێت له په‌ره‌دان به هاوكارییه هاوبه‌شه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی میسر، مسته‌فا مه‌دبولی باسی له‌وه‌كرد له بواری كاره‌بادا سێ یاداشتی لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ لیبیادا واژووكردووه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌ردوو وڵات سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی هێڵێكی هاوبه‌شی ده‌ریایی رێكده‌كه‌ون.
مسته‌فا مه‌دبولی راشیگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا له‌م قۆناغه‌دا پشتیوانیی ته‌واومان بۆ لیبیا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه".
مه‌دبولی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانیی له بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان له ٢٤ی كانوونی یه‌كه‌مدا له لیبیا ده‌كه‌ن و ستایشی هه‌وڵه‌كانی سازانی نیشتمانیی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "میسر پشتیوانیی له سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیریی و ئاسایش له لیبیا ده‌كات".
سه‌رۆكوه‌زیرانی میسر بانگهێشتی هاوتا لیبییهكهی كرد بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌كان و هاریكاریی نێوان هه‌ردوو وڵات.