Fatma Esma Arslan Özdel,Başar Bayatlı,Aladdin Mustafaoğlu
15 ئاب 2025•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2025
توبی ــ AA
لە شاری توبی لە سێنیگال، نزیکەی دوو ملیۆن کەس گردبوونەوە بۆ یادکردنەوەی ئەو پێگە ڕۆحییەی کە شێخ ئەحمەدۆ بامبا، دامەزرێنەری تەریقەتی موریدییە لە کاتی دوورخستنەوەی لەلایەن ئیدارەی داگیرکەری فەڕەنساوە بەدەستی ھێناوە.
بە مەبەستی بەشداری کرن لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی "ماگالی گەورە" کە بەپێی ڕۆژمێری کۆچی ساڵانە لە ١٨ی مانگی سەفەر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ ١٣١ ھەمینی سازکرا، شوێنکەوتووانی تەریقەتی موریدییە لە شاری پیرۆزی توبی گردبوونەوە، کە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە داکاری پایتەختەوە دروورە.

ھەزاران کەس لە سەرانسەری سێنیگال و وڵاتانی دیکە وەک ئەمریکا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا ڕوویان لەو شارە کرد کە تەریقەتی موریدی لێی دامەزرا، لەو میانەیەشدا سەردانی مزگەوتی گەورە لە توبی و مەزارگەی شێخ ئەحمدۆ بامبا-یان کرد.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی "ماگالی گەورە"دا کە بە زمانی وۆڵۆفی ناوخۆیی بە واتای "ستایش" دێت، ئەو پێگە ڕۆحییەی کە پێدەچێت شێخ ئەحمدۆ بامبا لە کاتی دوورخستنەوەی بۆ گابۆن لە لایەن ئیدارەی کۆلۆنیالی فەرەنسا لە ساڵی ١٨٩٥ پێی گەیشتووە، یاد دەکرێتەوە.
شوێنکەوتووانی تەریقەتی موریدییە لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لە شاری توبی، بە کۆمەڵ نوێژ دەکەن و سەردانی کەسوکارەکانیان دەکەن.

- "بەرگریی سۆفی" دژبە داگیرکاری فەڕەنسا
ئیسلام لە سەدەی یازدەھەم لە ڕێگای بازرگانان و زانایانی ئایینی لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتە سێنیگال. دواتر لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتاکانی سەدەم بیستەمدا، تەریقەتی سۆفی بە خێرایی لە سێنیگالدا بڵاوبووەوە.
ئەوەش لە کاتێکدابوو سێنیگال لە جەرگەی چالاکییە داگیرکارییەکانی فەڕەنسا بوو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لە سەدەی نۆزدەەم.
ئەو کاتە ناوچەی داگیرکراو کە بە "ڕۆژئاوای ئەفریقای فەڕەنسا" ناسراوبوو بریتیبوون لە بێنین، بورکینا فاسۆ، کۆتدیڤوار، گینیا، مالی مۆریتانیا، نیجەر، سێنیگال و تۆگۆ.
سەرەڕای ھەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ ڕێگریی کردن لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە سێنیگال، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیان ھێنا، ئەوەش بەھۆی بەرگریی ئاشتیخوازانەی تەریقەتی سۆفی.
دواتر خەباتی ئاشتیخوازانە دژبە داگیرکاری بە سەرکردایەتی دامەزرێنەری تەریقەتی مورید، شێخ ئەحمەدۆ بامبا (١٨٥٣-١٩٢٧) دەستیپێکرد کە ئەوەش کاردانەوەی فەڕەنسای بەدوای خۆیدا ھێنا.
ھاوکات شێخ ئەحمەدۆ بامبا بەھۆی پەرەسەندنی ناوبانگەکەی، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، چەندین جار بە تۆمەتی جۆراوجۆر دوورخرایەوە.
شێخ ئەحمەدۆ بامبا ٣٣ ساڵی ژیانی لە تاراوگە بەسەربرد، دوورخستنەوەی بۆ گابۆن ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە بڵاوبوونەوەی تەریقەتی موریدی.
سوپای فەڕەنسا شێخ ئەحمەدۆ بامبا بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی دوو بەرەکی" دەستگیر کرد و، دوورخستیەوە بۆ شاری مایومبا لە باشووری ڕۆژئاوای گابۆن کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا.
ھەروەھا شێخ ئەحمەدۆ بامبا ماوەی ٤٢ مانگ لە کڵێسایەک لەژێر سەرپەرشتی فەڕەنسا دەست بەسەرکرا، لەو ماوەیەشدا چەندین کتێبی ئایینی نووسی.
دوای گابۆن، شێخ ئەحمەدۆ بامبا ڕەوانەی باشووری مۆریتانیا کرا، ھەرچەندە تا ساڵی ١٩٠٢ نەگەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام بە درێژایی ژیانی لەژێر کۆتوبەندی بەردەوامی ئیدارەی داگیرکاریدا مایەوە.

- یە کێک لە گرنگترین چالاکییە ئاینییەکان لە ئەفریقا
قوتابیانی شێخ ئەحمەدۆ بامبا پێیان وایە ئەو دوورخستنەوەیە شکستێک نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە سەرکەوتنێک بوو کە یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ڕۆحی شێخەکەیان.
دوورخستنەوەکە بووە ھۆی زیادبوونی خۆشەویستی خەڵکی سێنیگال بۆ شێخ ئەحمەدۆ بامبا، کە بەھۆیەوە شوێنکەوتووان و قوتابییەکانی زیادیان کرد و موریدییە وەک نەریتێکی سۆفی سوننە لە وڵاتدا پتەوتر بوو.
یەکەم ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی"ماگالی گەورە" ساڵێک پاش مردنی شێخ ئەحمەدۆ بامبا لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا، ئەوەش بە دەستپێشخەری کوڕەکەی محەمەد مستەفا.
سەرەڕای ئەوەی یەکەمین ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی " ماگالی گەورە" بە قەبارەیەکی بچووک سازکرا، بەڵام ئەمڕۆ "ماگالی گەورە" بە یەکێک لە گرنگترین چالاکییە ئاینییەکان لە ئەفریقا دادەنرێت.
ئامادەبوون بۆ بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی " ماگالی گەورە"، تەنیا بۆ شوێنکەوتووانی تەریقەتەکە سنووردار نییە، بەڵکو کەسایەتییە دیارەکانی دەوڵەت وەک سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، بازرگانان، ھونەرمەندان و تەنانەت دیپلۆماتکارانی بیانیش بەشداری دەکەن، سەردانی شاری توبی دەکەن و لەگەڵ شێخی ئێستای تەریقەتی موریدەکان کۆدەبنەوە.
- پێکەوەژیان لە نێوان دەوڵەتی عەلمانی مۆدێرن و پارێزگاریی کردن لە دابونەریتە کۆنەکان
شێخ ئەحمەدۆ بامبا کەسایەتیەکی دیار بوو لە تێکۆشانی سێنیگال بۆ سەربەخۆیی، ئەوەش بەھۆی شێوازی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر و ئەو قوربانیانەی پێشکەشی کرد، ھەندێک سەرچاوەی ڕۆژئاوایی بە مەھاتما گاندی لە ھیندستان بەراوردیان کردووە و بە گاندی موسڵمان ناویان بردووە.
دوای ئەوەی سێنیگال لە ساڵی ١٩٦٠دا سەربەخۆیی بەدەستھێنا و بوو بە دەوڵەتێکی عەلمانی مۆدێر، تەریقەتی سۆفی پێگەی خۆی وەک هێزێکی گرنگ و پێویست لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا ھێشتەوە.
توێژەری زانستە سیاسیەکان، لوسی کریڤی پێیوایە سێنیگال سەرکەوتوو بووە لە دامەزراندنی ھاوسەنگییەکی جێگیر لە نێوان دەوڵەتی عەلمانی مۆدێرن و پاراستنی دابونەریتی ئیسلامدا.
پێدەچێت ئەم ھاوسەنگییە ھۆکاری ئەوە بێت کە سێنیگال کاریگەری لەسەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نەبووە کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقای گرتووەتەوە.
تەریقەتی سۆفی تەنیا لەلایەن شوێنکەوتووانیانەوە ڕێزی لێناگیرێت، بەڵکو لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە وەک قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی ھاوبەش لەقەڵەم دەدرێت.