Sarmand Hameed
31 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، دوایین پێشھاتەکانی رەوشی عێراقیان لە دوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەکە تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، جۆ بایدن لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مستەفا کازمییەوە کردووە.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، جۆ بایدن پشتیوانی ئەمریکای بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی دووپات کردووەتەوە، وەک ئەوەی لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراقدا ھاتووە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ھەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، جۆ بایدن ستایشی رۆڵی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرکردایەتیی ژیرانەی کردووە لە کاتی پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکان و رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەدای ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی کردووە، ھاوکات سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوانی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەکە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە کە سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرجەم سەرکردەکانی عێراق کردووە بەشداریی لە گفتوگۆی نیشتمانییدا بکەن لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەرچوونی وڵات لەو چەقبەستووەی کە ئێستا ھەیە بەپێی دەستووری عێراق و یاساکانی وڵاتەکە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوە خراوەتەڕوو کە ھەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ھەوڵەکانی کازمی بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماتییەوە بەرز نرخاندووە و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو ھەوڵانە دەربڕیوە.