Fatma Sevinç Çetin Obuz
09 تشرینی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2026
لە شاری ئەنتاڵیا ٣١هەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا (COP31) دەستی بە کارەکانی کرد.
وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوای تورکیا و سەرۆکی COP31، موراد کوروم لە گوتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا هۆشداری لە دۆخی هەستیاری زەوی دا و، ڕایگەیاند: ''تورکیا بە سەرکردایەتی سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئامادەیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بۆ کۆکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی باکوور و باشوور و لێکنزیککردنەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتوو لەسەر زەمینەیەکی هاوبەش''.
کوروم تیشکی خستە سەر لێکەوتە فرەلایەنەکانی قەیرانی ژینگە لەسەر ئاستی جیهان و، ڕایگەیاند: ''کەمبوونەوەی ئاو لە وڵاتێکدا، دەرەنجامی وا لێدەکەوێتەوە کە دەگاتە ئابووریی، جووڵەکانی کۆچ و ئاسایشی کۆمەڵگەکانی دیکەش. هاوکات بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما لە یەک کاتدا گوشار دەخاتە سەر شارەکان، کەرتی کشتوکاڵ و تەندروستیی مرۆڤ. جیهان زۆر بە ڕوونی شتێکمان پێ دەڵێت؛ لە خاڵی سفرداین".
هەروەها کوروم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاتی هەنگاونانی کردەییە و لە جیهانی ئەمڕۆدا ئیدی قسە کۆتایی هاتووە و، گوتی: ''پێویستە هەمووان بەم هۆشیارییەوە هەنگاو بنێن، چونکە بە گوتەی ئەو؛ سیاسەتی ئاووهەوا تەنیا یەک ڕەهەندی نییە، بەڵکو هاوکات سیاسەتی گەشەپێدان، خۆراک، وزە و شارسازییە، لە سەرووی هەموو شتێکیشەوە سیاسەتی پاراستنی داهاتووی مرۆڤایەتییە''.
وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوای تورکیا کوروم باسی لە پێگەی مێژوویی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "تورکیا بەدرێژایی مێژوو پردێک بووە. ئێستاش بە سەرکردایەتی سەرکۆمارمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئامادەیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بۆ کۆکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی باکوور و باشوور، وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەسەر زەمینەیەکی هاوبەش".