Mücahit Aydemir
03 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2023
قودس - AA
لە شاری بەیت لەحم باشووری کەناری رۆژئاوا، مێردمنداڵێکی فەڵەستینی تەمەن ١٥ساڵ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.
دەربارەی رووداوەکە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی پەلامارێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری بەیت لەحم، مێردمنداڵێکی فەڵەستینی بە ناوی ئادەم ئەیاد، گوللە بەر سنگی کەوتووە و بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.
دوێنێش لە پەلامارێکی سەربازانی ئیسرائیل لە شاری جەنین باکووری کەناری رۆژئاوا، دوو هاووڵاتی فەڵەستینی کوژران و هەشتی دیکەش برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە تۆمارکردنی رووداوەکانی ناوچەکە کردووە، ساڵی ٢٠٢٢ وەک "خوێناویترین ساڵ"ی کەناری رۆژئاوا، تۆمار کراوە.
مانگی رابردوو، کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو کە ١٥٠ فەڵەستینی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش زۆرترین زیانی گیانییە کە لە ماوەی ساڵێکدا لە کەناری رۆژئاوا، تۆمار کرابێت.
پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی راگەیاندبوو کە تا کاتێک پەلامارەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن هیچ چارەسەرێکی ئاشتییانە نایەتەکایەوە.