Sarmand Hameed
20 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر، نیکیهیرۆ ئاراکاوا کرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کردووە و هیوای خواستووە لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە تۆیاما کەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جایکای ژاپۆنی لە عێراق بەشدار بوو، گفتوگۆ دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکا لە هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکای کرد کە ماوەیەکی زۆرە لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانییەوە، خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دووپات کردەوە.