Sarmand Hameed
20 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
هەولێر - AA
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ٢٢ کەسی بە تۆمەتی بەشدارییکردن لە کردەوەی تیرۆریستی لە سنووری سلێمانی، گەرمیان، چەمچەماڵ، سەیدسادق و پشدەر راگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پیلانێکی تیرۆریستانی داعشی ئاشکر کرد کە لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە ٢٢ ھەڵمەت و ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر ٢٢ تیرۆریست دەستگیردەکەن و رووبەڕووی یاساو دادگایان دەکەنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، یەکێک لە تیرۆریستەکان تیرۆریستی ھەرەتاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەللوجەیە کە بە ناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنوری ھەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گرووپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم لەخۆڕێکخستندابوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن".
ئاماژە بەوەشدراوە کە بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخوونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە چەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لەژێر چاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەڕین ھەر ٢٢ تیرۆریستەکە کە لەچەند شانەیەکی نەنووستووی داعش خۆیان رێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران".
لە راگەیەندراوەکەدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان و دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:
رۆژی ٢٠٢١/٢/٢٥ تیرۆریست (ز. س) ناسراوبە ئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور، لە پشدەر دەستگیرکرا.
تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی ٢٠١٩ فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی بەستووە بە گرووپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کە پیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە، و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوە و ماددە تەقەمەنییەکان کردووە و مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆناو داعش.
رۆژی ٢٠٢١/٣/٢٥ لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورە و سەرکەتووی ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرەتاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتوو (ح. م) ناسراوبە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەللوجە دەستگیرکرا کەدەستی سوورە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژبەمرۆڤایەتی کە سەرەتا پەیوەندی ھەبووە بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و لە ساڵی ٢٠١٤ بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرەتاوانبار بەشداریی و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردووە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکوور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەللوجە.
رۆژی ٢٠٢١/٤/١ لە چەند ھەڵمەتێکی تری ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار (چ. ف) ناسراوبە ئەبو دردا و یونس کوردی و (م. ح) و (م. ح .ع) ناسراوبە عەلی کوردی لە کەلار دەستگیرکران.
لەلایەکی دیکەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازیی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد پێنج تیرۆریستی دیکە لە یەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لەتیرۆریستان (ئ. ھ) (ش. ب) ناسراو بە ھاران و (س. ن) و (ھ. ئ) و (ئ. ن).
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی ٢٠٢١/٤/٢ لە ھەشت ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریست تری ھەمان شانەی نەنووستووی داعش دەستگیرکران کە (ھ. ع) و (م. ن) لە کفری و (د. س) ناسراوبە (د. بوخاری) و (ش. ع) و (ع. ع) ناسراوبە بن لادن کوردی و (ئ. ح) ناسراوبە ئەبو شەھاب و (م. ج) ناسراوبە محەمەد کوردی لە کەلار و (م. ن) لە باوەنوور دەستگیرکران".
ئەوەش هاتوو کە "ھەر پەیوەست بەم تاقم و گرووپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی ٢٠٢١/٤/٣ ھەر لە کەلار تیرۆریست (م. ئ) ناسراوبە حەبیب دەستگیرا و پاش رۆژێک لە رۆژی ٢٠٢١/٤/٤ ھەردوو تیرۆریست (ر. ئ) و (ج. س) ناسراوبە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و (ئ. ح) لە کفری دەستگیرکران".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە "پاش لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنووستووی داعش دروستبکەن لە ھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن، راھێنانیانپێکراوە لەسەر دروستکردنی عەبوە و مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش".
سەرنج بۆ ئەوە راکێشراوە کە ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەیە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتووە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گرووپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوەو تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئایینی و ھاووڵاتییەکیان کردووە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەبەرامبەر ئەم ھەڵمەتە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی کارمەندانی دەکات و راشیگەیاندووە کە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەرخەری ئەو راستیەشە ھەموو تۆمەتبارانی یاساشکێن و تیرۆریستان و سەرپێچیکاران و پێشێلکاران و ئەوانەی دادگا داوایاندەکات، لەدەست ھێزەکانیان رزگاریان نابێت و ھەر پیلانێکیان ھەبێت سەرئەنجام پێش جێبەجێکردنی ئاشکرادەکرێن و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
