Sinan Doğan
21 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2021
بۆگۆتا - AA
لەناو دوو بارهەڵگردا لە ویلایەتی ڤێراکروز رۆژهەڵاتی مەکسیک، ٦٠٠ کۆچبەر رزگارکران کە زۆربەیان هاووڵاتی ئەمریکای ناوەڕاستن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پەیمانگای نەتەوەیی کۆچبەرانی مەکسیکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە یەکەکانی پاسەوانی نەتەوەیی لەسەر زانیاری هەواڵگریی، دوو بارهەڵگریان راگرتووە کە کۆچبەریان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵگرتبوو.
ئاماژەی بەوە کردوو کە لەنێو کۆنتەینەری بارهەڵگرەکاندا هاووڵاتییانی ١٢ وڵاتی جیاواز هەبوون لەوانە ئەفریقی و بەنگلادیشی و زۆربەیان هاووڵاتی ئەمریکای ناوەڕاست بوون و لە دەست قاچاغچیانی مرۆڤ رزگار کراون.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو هەڵمەتەدا، ٦٠٠ کۆچبەر کە ١٤٥یان ژن و منداڵ بوون رزگارکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە کۆچبەرەکان لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا لە سنووری گواتیمالاوە بەڕێکەوتوون و تێکڕا ٥٠٠ کیلۆمەتریان بڕیوە.
هاوکات بەرپرسی رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی، باسی لەوە کرد کە لەنێو کۆچبەراندا ژنی دووگیان، منداڵ و کەسانی نەخۆش هەن و پێویستە بەشێوەیەکی بەپەلە چارەسەری تەندروستییان بۆ بکرێت.
ماوەی ساڵانێکی زۆرە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاستەوە لە رێگەی مەکسیک و گواتیمالاوە کۆچ دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی یەکەی سیاسەتی کۆچی سەربە وەزارەتی ناوخۆیی مەکسیک، لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم-ئەیلوول ٢٠٢١، زیاتر لە ١٩٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون و لەوانەیش ٧٤ هەزار و ٣٠٠یان سنوورداش کراونەتەوە.