Mücahit Aydemir
13 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2022
قودس – AA
سەرۆکی ئیسرائیل ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی پارتی لیکود بێنیامین ناتانیاهوی راسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسرائیل کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی یەکی تشرینی دووەم بووە براوەی یەکەم.
هێرزۆگ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ناتانیاهو رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بڕیاری داوە، ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکی پارتی لیکود بسپێرێت.
سەرۆکی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، ٦٤ پەرلەمانتار ناتانیاهویان وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ٢٨ پەرلەمانتاریش سەرۆکی پارتی "داهاتوو هەیە" وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەست نیشان کرد.
هێرزۆگ ئاماژەی بەوەیش دا کە ٢٨ پەرلەمانتارەکەی دیکە، کەسیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە.
سەرکۆماری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە بە رەچاوکردنی "بەدەستهێنانی زۆرترین پشتیوانی لە پەرلەمان، پارتی خاوەن زۆرترین کورسی لە پەرلەمان و بەرزبوونەوەی شانسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت" ئەو ئەرکەی بە ناتانیاهو سپاردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە بەردەوامی پرۆسەی دادگاییکردن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سێ دۆسیەی جیاوازی گەندەڵی لەگەڵ ناتانیاهو لەلایەن دادگای باڵاوە، نابێتە بەربەست لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا.
بەپێی یاسا کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسرائیل دەتواندرێت بە درێژکردنەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە لە ماوەی ٢٨ رۆژدا پێک بهێندرێت.