Abdullah Shukur
24 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، مارک تۆنەر رایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش باسی لە "پێکھێنانی ناوچەیەکی کاتی ئارام"ی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
تۆنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە وتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیلەرسن-ی دایەوە کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشکەشی کردبوو.
تۆنەر لەبارەی لێدوانەکەی تیلەرسن پەیوەندیدار بە پێکھێنانی ناوچەیەکی کاتی ئارام لە سووریا گوتی: "لەدوای لەناوبردنی داعش، پێویستە سەقامگیری لەو ناوچانە دەستەبەر بکرێت. بەم شێوەیەش ئەو کەسانەی کە ناوچەکانیان جێھێشتووە، دەتوانن بگەڕێنەوە".
تۆنەر ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا دەیەوێت سەقامگیری ئەو ناوچەیە دەستەبەر بکات و ھاوکاربێت لە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە.
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا مەبەست لە پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا ئەوەیە؟ تۆنەر گوتی: "وەزیری دەرەوە بۆچوونەکانی خۆی خستووەتەڕوو، تاکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە".
تۆنەر جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجیان جێگیرکردنی هاووڵاتیانی ئاوارەبووی ناوچەکانی دیکەی ناوخۆی وڵاتە لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعش رزگار دەکرێن.
لەلایەکی دیکەش لە بارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەم ناوچەیە چ رۆڵێکی لە چارەسەری کێشەی سووریا دەبێت؟ ئایا ئەو ھاووڵاتییە سووریانەی کە لەدەستی رژێم و رووسیا ھەڵدێن چۆن سوود لەم ناوچەیە وەردەگرن؟ تۆنەر لەمباریەوە گوتی: "ئاگادارین لە بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی سووریا. شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە زۆر ئاڵۆزە. بۆچوونی پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا ھەبوو. ئەوەی باسی لێوە دەکەین ئەمە نییە. ئەو بابەتەی دوێنێ وەزیری دەرەوەش باسی لێوە کرد ئەمە نەبوو".