Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2016
هەولێر ــ AA
لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و كەسایەتی و زانایانی ئایینی، كۆنفرانسی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەستی پێکرد.
لە میانی كۆنفرانسەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد كە تیایدا سەرەتا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كرد لە شەڕەكانی دژبە داعش و رایگەیاند کە ئەم كۆنفرانسەكە لە كاتێكی گونجاودا بەڕێوەدەچێت و بەهیچ شێوەیەك تەكفیركردن و رەتكردنەوەی یەكتر لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا یەك ناگرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بۆ بنبڕكردنی بیری توندڕەوی، چاوی گەلی كورد و پێشمەرگە لەسەر مامۆستایانی ئایینیە و ئێمە نامانەوێت شەڕی تائیفی و مەزهەبی لە كوردستان رووبدات".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتیشی: "ئەوەی لە ئێستادا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بێت ئەوەیە کە دراوسێكانی بێ كێشە و گرفت بن".
لە گوتەكەیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە پێشمەرگە ئازایەتی و قارەمانێتیەكی گەورەی لە تێكشكاندن و لاوازبوونی داعش نیشان داوە و پاراستنی گیانی هەموو كەمە نەتەوەكان و سنوورەكان لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەدایە".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەكات تەنها پاراستنی پێكەوە ژیانە.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتیشی كردەوە كە بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەوی لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەكان بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبووڵکردن نییە و نابێت مینبەرەكان بۆئەو مەبەستە بەكار بهێنرێن، تەنانەت رێگە نادرێت هیچ حزبێك میبنەری مزگەوتەكان بۆ ئامانج و مەبەستی حزبی بەكار بهێنێت.