Muhammet Ali Kemal
08 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەگەر سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت ئەوا ئەوە بە مانای ''کارەسات'' دێت و گوتی: ''ئەوەی کە رۆژی سێشەممە دادپەروەریی بەرجەستە دەکات، دانیشتوانی ئەمریکان. ئێمە سەردەکەوین''.
دۆناڵد ترەمپ لەدوایین رۆژی بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، یەکێك لەچڕوپڕترین رۆژەکانی هەڵمەتی بانگەشەی بەڕێکرد. ئەو لە هەر یەک لە ویلایەتەکانی فلۆریدا، کارۆلینای باکوور، پێنسیلڤانیا، نیو هامپشایەر و میشیگن، کۆبوونەوەی جەماوەریی ساز کرد و تەقەلای بەدەستهێنانی دەنگی جەماوەری دا.
ترەمپ لەمیانی گوتەکانیدا لەشاری رالێی ویلایەتی کارۆلینای باکوور لەدەستدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ کاندیدی دیموکراتەکان، هیلاری کلینتۆن، بە ''کارەسات'' ناوبرد.
دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەیکرد کە لەسایەی ئیدارەی ئەمریکادا کە باراک ئۆبامای سەربە دیموکراتەکان سەرۆکایەتی دەکات، وڵات لەهەموو بوارەکاندا پاشەکشەی کردووە و ئابووریی ئەمریکا بەشێوەیەکی خراپ بەڕێوەدەبرێت، گوتیشی رکابەرەکەی کە هیلاری کلینتۆنە کەسێکی درۆزنە و سیستمی هەڵبژاردن سیستمێکی فێڵاوییە.
راشیگەیاند ''ئەوەی کە رۆژی سێشەممە دادپەروەریی بەرجەستە دەکات، دانیشتوانی ئەمریکان. ئێمە سەردەکەوین''.
کاندیدی کۆمارییەکان باسی لەوەشکرد کە ئەگەر هات و نەیتوانی لەهەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا رەنج و ماندووبوونی هەموو ئەو کەسانەی بەدرێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان پشتیوانییان کردووە، بەفیڕۆدەچێت.
ترەمپ گوتی: ''ئەگەر نەمانتوانی سەرکەوین، من ئەمە وەک زیانێکی گەورەی پارە و وزە لێکدەدەمەوە، ئەمە جگە لەوەی هەموو ئەو کاتەی تەرخانمان کردبوو، بەفیڕۆدەچێت''.
- ''ناتوانرێت 650 هەزار ئیمەیڵ بەماوەیەکی کەم لێکۆڵینەوەی تێدابکرێت''
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ترەمپ سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی (ئێف بی ئای)، جەیمس کۆمی لەبارەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەئیمەیڵەکانی هیلاری کلینتۆن، کردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەکرد لەکورتترین ماوەدا ئەو لێکۆڵینەوەیە کۆتایی هات کە لەئیمەیڵەکانی کلینتۆندا کرا لەکاتێدا لە کۆتایی مانگی رابردوودا دەستیپێکردبوو، ناتوانرێت 650 هەزار ئیمەیڵ بەماوەیەکی کەم لێکۆڵینەوەی تێدابکرێت.
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: ''بێگومان بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، لەژێر فشارێکی زۆردا بووە''.