Emre Aytekin
25 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2022
پەکین – AA
فەرمانگەی کەشناسیی نیشتمانیی چین بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە بەردەوامی دەدات بە "زەنگی مەترسیداری پرتەقاڵی".
فەرمانگەی کەشناسیی نیشتمانیی چین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە پلەکانی گەرما لە رۆژدا لە هەرێمەکانی جیجیانگ، فوجیەن، جیانگشی، هونان، گوانگدۆنگ و هوبەی، سەرتاسەری هەرێمی خۆڕێبەری گوانگشی جوانگ و شاری چۆنگچینگ، بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمەکانی گویجۆو، سیچوان، جیانگسو و ئانهوی، هەرێمی خۆڕێبەری مەنگۆلیای ناوەوە و هەرێمی خۆڕێبەری ئویگور سینجان ٣٥ پلەی تێپەڕاندووە.
پلەکانی گەرما لە ژمارەیەک ناوچەی جیجیانگ، فوجیەن و جیانگشی و هەرێمی خۆڕێبەری ئویگور سینجان تەنانەت گەیشتووەتە ٤٠ پلەیش.
بەم هۆیەوە هۆشداری دراوە بە هاووڵاتییان لەو کاتانەی زۆر گەرمە نەچنە دەرەوە و ئەو کرێکارانەیش لە دەرەوە کار دەکەن زوو زوو پشوو وەربگرن.
"زەنگی مەترسیداری پرتەقاڵی" لە پۆلینبەندی سیستەمی هۆشداری پلەکانی گەرما کە لە چوار ئاست پێک دێت و لەو وڵاتە لە ریزی دووەمدایە.
پۆلینبەندییەکەیش بەم جۆرەیە: "سوور"، "پرتەقاڵی"، "زەرد" و "شین".