Said İbicioğlu
24 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2022
ریاز - AA
هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن رایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی بالیستی بۆسەر ناوچەیەکی پیشەسازیی لە ناوچەی جازان باشووری رۆژئاوای سعوودیە، یەک کەس برینداربووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژمارەی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە مووشەکی بالیستی لە ناوچەی پیشەسازیی لە پارێزگای ئەحەد مەسارحە سەربە ناوچەی جازان کەوتووەتە خوارەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لە برینداربوونی کەسێک کراوە لەو هێرشەدا و ئەوە خراوەتەڕوو ئەو سێیەم هەوڵی بە ئامانجگرتنی دانیشتوانی ناوچەکە بووە.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا، هیچ زانیاریەک نەخراوەتەڕوو کە هێرشەکە لەلایەن کێوە ئەنجامدراوە.
حووسیەکان ناو بە ناو ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوای سعوودیە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکەنە ئامانج.
لە یەمەن کە ماوەیەکی زۆرە ناسەقامگیری سیاسیی دەگوزەرێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەردەوامە.
حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا دەستیان بەسەر سەنعا-ی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەدا گرتووە.
هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥وە بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی دژبە حووسییەکان دەست پێ کردووە.