Hakan Çopur
28 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2025
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد کە لە بواری بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار بن و بەو شێوەیە جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دووپات کردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تامی برووس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ گرێبەستەکانی بواری وەزە لە نێوان کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
برووس ئاماژەی بەوە دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لەو گرێبەستانە دەکات کە ١١٠ ملیار دۆلار دەخەملێندرێت و چاوەڕوانی ئەوەیە کە کۆمپانیای زیاتری ئەمریکا هەوڵی وەبەرهێنان لە بواری وزەدا بدەن لە عێراق.
برووس وێڕای ئاماژەدان بەو داوا یاساییانەی کە لە لایەن بەغداوە دژ بە گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی باس دەکرێت، گوتی، "ڕاستییەکەی ئەگەر بێینە سەر پرسی یاسایی، خواستمان ئەوەیە و هیوادارین کە کارئاسانی زیاتر بکرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، پشتگیری لە گرێبەستەکانی هەفتەی ڕابردوو و هەموو گرێبەستێکی ئابووری دەکەین کە سوودی بۆ عێراقییەکان هەبێت". گوتیشی: "هانی بەغدا و هەولێر دەکەین کە بە زووترین کات بە یەکەوە کار بکەن لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی".
برووس ئاماژەی بە دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کرد و بە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە قەڵەم دا و گوتی: "جەنابی وەزیر دڵخۆشی خۆی بە سەرۆکوەزیران بارزانی ڕاگەیاندووە بە بۆنەی واژوو کردنی گرێبەستەکان لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە کە یارمەتیدەری سەربەخۆیی بواری وزە لە عێراق دەدات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ بەغدا و گوتیشی: "ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکایی کە لە عێراقدا چالاکی بازرگانییان هەیە دووپات کردەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تامی برووس هەفتەی پێشووش پشتیوانی خۆی بۆ گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دووپات کردبوویەوە و داوای لە کاربەدەستانی بەغدا کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا هەوڵ بدەن بۆ بەیەکەوە کارکردن.