Mücahit Aydemir
03 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2023
قودس - AA
وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر کە کەسێکی راستڕەوی توندئاژۆیە، هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودسی رۆژهەڵات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بن غەفیر بەیاوەری ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئیسرائیلی چووە ناو حەرەمی شەریفەوە، بەم شێوەیەش بووە یەکەم وەزیری ئیسرائیل کە لە دوای پێنج ساڵ چووبێتە ناو مزگەوتی ئەقسا.
پێشتریش ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە ئەوەی راگەیاندبوو کە "سەردانی" مزگەوتی ئەقسا دەکات و ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایی فەڵەستینییەکانی لێکەوتبووەوە.
ئیتمار بن غەفیر بەرلەوەی لە کابینەی نوێی حکوومەتدا، پۆستی وەزیری پێبسپێردرێت، ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل بوو و لەو کاتەشدا بە لێدوانە نەژادپەرستانەکانی و هاندانەکانی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژبە فەڵەستینییەکان و هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا، ناسرابوو
- سەروەری ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس پێشێل دەکرێت
بەگوێرەی رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل-ئورن کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤دا واژوو کراوە، وەقفە ئیسلامییەکانی قودس کە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروبار و پیرۆزییە ئیسلامییەکانی ئوردنە، سەرپەرشتی مزگەوتی ئەقسا دەکات.
بەڵام جوولەکەکان، بە بڕیاری تاکلایەنەی ئیسرائیل و بە هەوڵی بەشێک لە رێکخراوە جوولەکە توندڕەوەکان لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکان و بەیاوەری پۆلیسی ئیسرائیلی هەڵدەکوتنە سەر مزگەوتی ئەقسا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەم هەڵکوتانانەیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
بەگوێرەی زانیای ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکان ساڵی رابردوو لە روانگەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا، دیارترین ساڵ بووە و بەدرێژایی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٤٨ هەزار هاووڵاتی جوولەکە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتی ئەقسا.