Atila Altuntaş
03 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2023
ستۆکهۆڵم – AA
وەزارەتی دادی سوید رایگەیاند کە لە رێککەوتی یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، کار بە هەموارکراوەی یاسای نوێی تیرۆر لە دەستووری سوید دەکرێت.
وەزارەتی دادی سوید راگەیەندراوێکی بەناوی "هەموارکراوەی یاسای نوێی تیرۆر لە دەستووری سوید دەرفەتی زیاتر دەهێنێتە ئارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بڵاو کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە سوید بە مەبەستی وەستانەوە لە دژی هەڕەشەی تیرۆر بە تەنها و لەگەڵ وڵاتانی دیکە، هەوڵی چڕ دەدات و تیایدا هاتووە: "تیرۆر زەحمەتی زۆری بۆ ئەو کۆمەڵگایانە دروست کردووە کە کاریگەری لەسەر داناون و هەڕەشەیشە بۆسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی و نیئاسایشی نیشتمانیی. بەهۆی ئەوەی تیرۆر ئەو کردانە لەخۆ دەگرێت کە تاوانی زۆر جیددییان لێ دەکەوێتەوە و هەڕەشەیە لەسەر سیستەم، یەکێکە لە هەڕەشە جیددییەکان بۆسەر دیموکراسی، سوودوەرگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە ئازادانە و گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی".
وەزارەتی دادی سوید بە جەخت کردنەوە لەوەی کارکردن بەو هەموارکراوەی یاسای نوێی تیرۆر لە دەستووری سویددا رووی داوە دەرفەتی بەهێزتر دەدات بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، نووسیوویەتی: "هەموارکراوەی یاسای نوێی تیرۆر لە دەستووردا بە واتای رەخساندنی دەرفەتی زیاتر دێت بۆ سنووردارکردنی یاسای ئازادی بۆ خۆڕێکخستنی ئەو گرووپانە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن و چالاکییان بۆ ئەنجام دەدەن. ئەم هەموارکردنەوەیە، هەروەها دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت فراوانکردنی بەشداریکردن لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا وەک توخمێکی تاوان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و رێکخراوە تیرۆریستییەکان قەدەغە بکرێن".
راگەیەندراوەکە لە هەژماری فەرمیی باڵیۆزخانەی سوید لە ئەنقەرە بڵاو کراوەتەوە.
- لە مانگی حوزەیرانەوە بەشێوەیەکی مەیدانی کار بە یاساکە دەکرێت
وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیلستروم لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کار بە هەموارکراوەی یاسای نوێی تیرۆر لە دەستووری سوید دەکرێت و لە حەوتی ئاداریش ماددەیەکی دیکە بۆ یاسا سزاکان پێشکەشی پەرلەمان دەکەن و بەم جۆرە مادەیەکی نوێ بۆ یاسای سزادانی سوید زیاد دەکرێت.
تۆبیاس بیلستروم ئاماژەی بەوە دا کە بەم جۆرە پڕوپاگەندەکردن بۆ چالاکوانە تیرۆریستەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و یاساکە لە یەکی حوزەیرانی ٢٠٢٣ەوە بەشێوەیەکی مەیدانی کاری پێ دەکرێت.