Dmitri Chirciu
21 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2022
مینسک- AA
وەزیری بەرگریی بێلاڕووس، ڤیکتۆر خرینین بانگەشەی ئەوەی کرد کە پۆڵەندا خۆی بۆ جەنگ ئامادە کردووە و رایگەیاند: "لە پۆڵەندا لە بری یەک یەکە، دوو یەکەی یەدەک، دەستیان بە ئامادەکاریی کردووە. ئەم یەکانە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری بیالیستۆکی رۆژهەڵاتی پۆڵەندا جێگیر دەکرێن".
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بێلتای بێلاڕووسی، خرینین لە میانی سەردانێکیدا بۆ شاری گرۆندۆ، باسی لە پلانەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە هاوپەیمانی ناتۆ لە وڵاتانی دراوسێی بێلاڕووس، ژێرخانی سەربازیی خۆی فراوانتر کردووە.
وەزیرەکەی بێلاڕووس، گوتووشییەتی:
"قۆناغی نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی پۆڵەندا و وڵاتانی سەر دەریای باڵتیک، نزیک لە تەواو بوونە. ئەمەش وا دەکات کە بتوانرێت تا ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی لەو فڕۆکەخانانە جێگیر بکرێن. ناتۆ بەندەرەکانیش بۆ پێشوازیی لە کەشتی نۆژەن دەکاتەوە. هەروەها شوێنیش دروست دەکرێت بۆ عەمبارکردن و بەکارهێنانی چەکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا".
ڤیکتۆر خرینین، ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵ دەدرێت لە رێی ناوەندەکانی مەشق و راهێنان لە پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتیڤیا، دووبارە لایەنی سەربازیی لەو وڵاتانە بەهێز بکرێت و کەمپ بۆ نیشتەجێکردنی هەزاران سەربازی ناتۆ، دروست کراوە. گوتیشی: "ئامادەکردنی ناوەندێکی مووشەکیی ئەمریکی لە پۆڵەندا، وا دەکات هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکبچێت. رەنگە کۆمەڵێک مووشەک لەو ناوەندە دابنرێن کە دەسەڵاتیان بەسەر تەواوی خاکی بێلاڕووس و بەشێکی گەورەی رووسیادا هەبێت".