Ömer Tuğrul Çam
24 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2021
برۆکسل - AA
یەکێتی ئەورووپا، وا چاوەڕوان دەکات تاکو چارەگی دووەمی ئەمساڵ ٣٠٠ ملیۆن دۆزی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رادەستی وڵاتانی یەکێتییەکە بکات.
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا مارۆس سیفۆڤیچ، لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرپرس لە کاروباری ئەورووپا لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاشکرایکرد، کار دەکەن بۆ زیادکردنی ھاوکارییەکانیان بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەرمان کە ڤاکسینەکە دروستدەکەن.
سیفۆڤیچ، ئاماژەی بەوە کرد کە چەند وڵاتێک بە مەبەستی زیادکردنی توانای بەرھەمھێنان، پێشنیاری کۆبوونەوەیەکیان لە نێوان کۆمپانیاکانی خۆیان و بەرھەمھێنەرانی ڤاکسینەکە کردووە و رایگەیاند، وەکو کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ زیادکردنی تواناکانيان داوا لە ئەندامان دەکەن ھەوڵی زیاتر نیشانبدەن.
سیفۆڤیچ، گوتی "تاکو ئێستا، ٤٠ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆزی ڤاکسینەکە گەیشتووەتە وڵاتانی ئەندام. چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ٣٠٠ ملیۆن دۆزی ئەو سێ ڤاکسینەی کە یەکێتی ئەورووپا پەسەندیکردووە لە چارەگى دووەمی ئەمساڵدا بەسەر وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دابەشبکرێت".
ڤاکسینەکانی بایۆنتەک-ڤایزەر، مۆدێرنا و ئاسترازینیجا لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە رەزامەندییان لەسەر بەکارھێنانی دراوە. وا چاوەڕواندەکرێت ڤاکسینەکەی جۆنسن ئاند جۆنسن لە ناوەڕاستی مانگی ئادار لەلایەن ئاژانسی دەرمانی ئەورووپاوە رەزامەندی لەسەر بدرێت. بەلام بەھۆی ئەوەی گوتووێژەکان لە بابەتی ژمارەکانی رادەستکردنی ڤاکسینەکەی جۆنسن ئان جۆنسن بەردەوامە، یەکێتی ئەورووپا لە ئێستادا تیشکی خستووەتە سەر ڤاکسینی سێ کۆمپانیاکەی دیکە.