Islam Doğru
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
نیویۆرک - AA
بەپێى توێژینەوەیەکی نوێ، لە ئەمریکا لە هەر سێ كەس يەكێكيان نايەوێت ڤاكسينى كۆرۆنا وەربگرێت.
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی کە لەلایەن سەنتەری AP-NORC بۆ توێژینەوەی پەیوەندییە گشتییەکان بڵاکراوەتەوە، ئەمریکییەکان لە سەدا ١٥یان "بە دڵنیاییەوە" و لەسەدا ١٧شیان بە "ئەگەر"ـەوە نایانەوێت ڤاکسین وەربگرن.
بەشێکی گرنگی ئەوانەی کە نایانەوێت ڤاکسینەکە وەربگرن ئاماژە بە گومانیان لە بابەتەکانی متمانە و کاریگەری ڤاکسینەکە دەکەن.
لەو راپرسییەی کە لە ٢٨ی کانوونی دووەمەوە بۆ ١ی شوبات ئەنجامدراوە، ھەزار و ٥٥ کەس کە نوێنەرایەتی تەواوی وڵاتەکە دەکەن، بەشدارییان تێدا كردووە.
- "بۆ بینینی کاریگەرییەکی راستەقینە لەسەر پەتاکە پێویستە لە سەرەتادا بەشێکی گەورەی دانیشتووان ڤاکسین وەربگرن"
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە بەدەستھێنانی بەرگریی لەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگە پێویستە لەسەدا ٧٠ بۆ ٨٥ی دانیشتووان ڤاکسین وەربگرن.
پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی ھارڤارد، ویلیام ھاناج، لەو بارەیەوە گوتی "بۆ بینینی کاریگەرییەکی راستەقینە لەسەر پەتاکە پێویستە لە سەرەتادا بەشێکی گەورەی دانیشتووان ڤاکسین وەربگرن".
بە گوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتەکە یەکەم دۆزی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە لە ٣٣ ملیۆن کەس نزیکبووەتەوە و ئەوانەشی کە ھەردوو دۆزەکەیان وەرگرتووە نۆ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.