Murat Temizer
29 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2023
وارشۆ - AA
سەرکۆماری پۆڵەندا، ئاندرێژ دودا ئاماژەی بەوە دا کە وێڕای هێرشەکانی رووسیا، بەڵام ئۆکراینا سەردەکەوێت و گوتی: "هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیۆس یەکلاکەرەوە بێت و دیدگایەکی روون سەبارەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆدا بهێنێتە ئاراوە".
دودا و سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس ناوسێدا و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا بۆ رۆژنامەوانان دوان.
بە ئاماژەدان بەوەی کە سنووری پۆڵەندا و بێلارووس ساڵانێکە لە ژێر هەڕەشەدابوو، دودا گوتی: "ئاسایشی ئەو ناوچەیەی کە باسی لێوە دەکرێت بەهێز بووە".
دودا بە بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە گرووپی ڤاگنەر و رووسیا رایانگەیاندووە کە چەکی ئەتۆمی لە بێلاڕووسیا جێگیر دەکەن، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تاکتیکی ئەمنیی لە پۆڵەندا و ناوچەکەدا گۆڕیوە.
دودا ئاماژەی بەوەش دا، ئاسایشی ئۆکراینا یەکسانە بە ئاسایشی هەموو ئەورووپا و گوتی: "وێڕای هێرشەکانی رووسیا، بەڵام ئۆکراینا سەردەکەوێت. هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیۆس یەکلاکەرەوە بێت و دیدگایەکی روون سەبارەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆدا بهێنێتە ئاراوە".
هاوکات سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس ناوسێدا رایگەیاند کە ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستووری خۆی "بە خوێن" نووسیوەتەوە و بەرگری لە سەربەخۆیی خۆی کردووە و گوتی: "ئەو پەیامەی دەمەوێت بە گەلی ئۆکراینای بگەیەنم ئەوەیە کە ئۆکراینا بەتەنیا نییە، ئۆکراینا ئەندامێکی سەر بە خێزانی ئەورووپایە، پێویستە لەماوەی ئەمساڵدا دەست بە دانوستانەکان بۆ پەیوەستبوونی ئەو وڵاتە بە یەکێتیی ئەورووپا، بکەین".