Seyit Aydoğan
29 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2023
تۆرۆنتۆ - AA
یەکەم بەشی پارچەی ژێردەریایی تیتان کە بەمەبەستی وێنەگرتنی کەشتی تایتانیک چووە زەریای ئەتڵەنتیک و بووە گۆڕی پێنج سەرنشینەکەی ناوی، دەرهێنرا.
ژێردەریاییەکە کە بەشێوەیەکی کارەساتبار تەقییەوە و پارچە پارچە بوو، هەندێک لە پارچەکانی لەلایەن کەشتی هۆریزۆن ئاررکریک لە شاری سانت جۆنسی کەنەدا، دەرهێنرایەوە و وێنەگیرا.
بەپێی هەواڵێکی کەنەدیان پرێس، ژێردەریایی تیتان سەربە کۆمپانیای ئۆشیان گەیت کە لە ١٨ی حوزەیراندا چووە زەریای ئەتڵەنتیک بەمەبەستی بینینی پاشماوەکانی کەشتی تایتانیک، دوای ماوەیەکی کەم لە چوونە ژێر ئاوی زەریاکە، پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا.
دوای کارەکانی بەدواداچوون، دەرکەوت کە ژێردەریاییەکە لە ناوەوە بەرەو دەرەوە تەقیوەتەوە و، بەهۆیەوە پێنج سەرنشینەکەی ناوی گیانیان لەدەستداوە.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوی ئەمریکا و کەنەدا، لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ بە دوای ژێردەریاییەکەدا گەڕان و چەند پارچەیەکیان دۆزیيەوە.
دواتر لە بەندەری سانت جۆنس لە کەنەدا، دەستکرا بە کۆکردنەوەی یەکەم پارچەکانی ژێردەریاییەکە.
هێشتا بە تەواوی هەموو پارچەکانی ژێردەریاییەکە نەدۆزراوەتەوە و ناشزانرێت دواتر دەبرێن بۆ کوێ.