Dildar Baykan Atalay
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ژمارەیەک پرسی دووقۆڵی و هەرێمییان تاوتوێ کرد لەنێویاندا؛ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سەرچاوەکانی وزەی جیهانیی و ئەفغانستان.
کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان بایدن و ئال سانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەبارەی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە کەنداو و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سەرچاوەکانی وزەی جیهانی، پشتیوانیکردنی گەلی ئەفغانستان و زیادکردنی هاریکاری وەبەرهێنانی بازرگانیی.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە هەردوو سەرکردە، خۆشحاڵ بوون بە واژووکردنی رێککەوتنێک بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار لەنێوان کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بۆینگ کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی قەتەر.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، وەک نیشانەیەکی هاوبەشیی ستراتیجیی قوڵ کە ٥٠ ساڵە لەنێوان قەتەر و ئەمریکا هەیە، قەتەری بە هاوبەشێکی گەورە وەسف کرد کە ئەندامی ناتۆ نییە.