Büşra Selvi Öğütcen,Ahmet Furkan Mercan
01 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2023
سیئۆل/تۆکیۆ - AA
کۆریای باشوور و ژاپۆن رایانگەیاند کە کۆریای باکوور لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا، تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، کاتژمێر ٠٢:٥٠ بەکاتی ناوخۆی کۆریای باکوور لە ناوچەی ریۆنگسۆنگ-ەوە مووشەکێکی بالیستی کورت مەودا ئاراستە کراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مووشەکەکە بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای خۆرهەڵات) ئاراستە کراوە و پاش بڕینی ٣٥٠ کیلۆمەتر لە دەریادا کەوتووەتەخوارەوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشووردا هاتووە: ''سوپاکەمان لەو پەڕی ئامادەباشیدایە کە لە توانایدایە بەشێوەیەکی زۆر بەهێز وەڵامی شەڕانگێزییەکانی کۆریای باکوور بداتەوە''.
وەزیری بەرگریی ژاپۆن، هامادا یاسوکازو ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە مووشەکەکە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر بەرزبووەتەوە و لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆن کەوتووەتەخوارەوە.
لە دوای تاقیکردنەوە مووشەکییەکە، حکوومەتی ژاپۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە پەکین، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی کۆریای باکوور کرد.
ئاژانسی هەواڵیی کیۆدۆ بڵاوی کردەوە کە رانەهاتووین بەوەی حکوومەتی کۆریای باکوور لە سەری ساڵدا تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجام بدات.
فەرماندەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زەریاکانی هیندی-هێمن رایگەیاند کە تاقیکردنەوەکە ئاماژەیە بەوەی بەرنامەی چەکی نایاسایی کۆریای باکوور تێکدانی سەقامگیرییە.
ژاپۆن و کۆریای باشوور ئەوەشیان بڵاوکردبووەوە کە لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی کورت مەودای ئەنجامداوە.