Kasım İleri
04 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
کۆنگرێسی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگريی ٢٠٢١ی ئامادە کرد کە لە ٧٤٠ ملیار دۆلار پێکھاتووە و بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا بخرێتە بەر دەستی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات.
لە چەند بەندێکی پڕۆژەیاساکەدا پەیوەندییەکانی نێوان سوپای رووسیا و سوپای ئەمریکا زیاتر سنووردار کراون و ھەموو کار و چالاکییەکی تایبەت بە داننان بە سەروەری رووسیا لە دورگەی قرم، قەدەغە کراون.
ھەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دژ بە رووسیا بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراینا دەکرێت.
پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و کۆریای باشوور لە پڕۆژەیاساکەدا پشتگیری نەکراوە، بەڵکو کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەو دوو وڵاتە قەدەغە کراوە.
لە پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگريی ئەمریکا-دا بەشێکی تایبەت بە سزا خستنە سەر تورکیا ھەیە و داوا کراوە لەبەرامبەر کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ لە رووسیا، سزا بخرێتە سەر تورکیا.
بۆ مەبەستی سزادانەکەش ١٢ بەند خراوەتەڕوو و داوا کراوە لایەنی کەم پێنج بەندیان جێبەجێبکرێن کە تایبەتن بە ھاوردەکردنی بەرھەمی تورکییەوە.
مەرجی لابردنی ئەم سزایانەش ئەوەیە لیژنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێس ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە لە ماوەی ساڵێکدا حکوومەتی رووسیا و کۆمپانیا رووسییەکان لە خاکی تورکیا-دا سیستمی ئێس-٤٠٠یان بەکارنەھێناوە.