Şerife Çetin
05 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2023
نەتەوەیەکگرتووەکان - AA
بەڕێوبەری کارگێڕیی سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەربە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف)، کاسرین راسێل ئاشکرای کرد کە لە دەستپێکی پێکدادانەکانی سوودانەوە تا ئێستا ١٩٠ منداڵ لەو وڵاتە کوژراون و هەزار و ٧٠٠ منداڵی دیکەش بریندار بوون.
راسێل لە بارەی رەوشی منداڵان لە سوودان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە پابەندبن بە بەرپرسیارییەتییە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و ئاسایشی منداڵان بپارێزن، نووسیوویەتی: "رەوشی سوودان مەترسیدارە و منداڵان بە ژیانیان باجی ئەم رەوشە دەدەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دامەزراوەکانی یونیسێف لە سوودان زیانیان بەرکەوتووە و سەرچاوەکانیان تاڵان کراون، ئەم رەوشەش کاریگەری جیددی لەسەر هەڵمەتەکانی هاوکاری دەبێت و رایگەیاندووە: "یونیسێف لەپێناو گەورەبوونی منداڵانی سوودان لە کەشێکی ئارامدا داوای چارەسەرێکی سیاسی درێژمەودا بۆ ئەم قەیرانە دەکات".
- پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا
١٥ی نیسان لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".
وەزارەتی تەندروستیی سوودان پێشتر رایگەیاند لە ئاکامی پێکدادانەکاندا لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە، ٥٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٩٢٦ کەسیش برینداربوون.