Ömer Tuğrul Çam
18 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2022
بڕۆکسل - AA
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیای لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وەک ئەندامێکی ناتۆ لەم بابەتەدا، رۆڵێکی گرنگی هەبووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، پێتەر ستانۆ لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، باسی لە رۆڵی تورکیا و وڵاتانی کەنداو کرد لەم قۆناغەی ئێستای جەنگی نێوان تورکیا و ئۆکراینا و رایگەیاند:
"ستایشی رۆڵی روون و ئاشکرای تورکیا دەکەین. تورکیا لەڕێی سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگەوە، بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی خستووەتەڕوو لە هەمان کاتیشدا وەک نێوەندگیرێک رۆڵی بینیوە".
گوتیشی: "دوای داگیرکارییەکەی رووسیا، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا، یەکەم کۆبوونەوەیان لە تورکیا ئەنجام دا. ئەمە زۆر گرنگ بوو. ماوەیەک لەمەوبەریش وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی مۆسکۆ و لڤیڤ-ی کرد. تورکیا وەک هاوپەیمان و ئەندامێکی ناتۆ رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە. هەمیشەش ئەمەمان گوتووە، هەروەها تورکیا بە گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر لە مەیدانی دیپلۆماسیدا زۆر کاری ئەنجامدا".
پێتەر ستانۆ ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ تورکیا و ئەو وڵاتانەی سزایان بەسەر رووسیادا نەسەپاندوە بەردەوام دەبن لە کارکردن و رایگەیاند "ئەوەمان خستووەتەڕوو کە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ ناچارکردنی (ڤلادیمیر) پوتین بە وەستاندنی جەنگ، چەند گرنگن. ئەمەش یەکێکە لەو بابەتانەی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی کەنداو لە بارەیانەوە دواوین. ئەم هەوڵانەش بەردەوام دەبن بۆ دوورخستنەوەی پوتین لە جیهان و ناچارکردنی بەوەی کە جەنگ بوەستێنێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان".