Ruslan Rehimov,Muhammet Ali Kemal
29 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2018
باکو - AA
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بینالی یڵدرم کە بە سەردانێکی فەرمیی لە ئازەربایجانە لە باکوی پایتەخت لە لایەن سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئیلهام عەلیێڤ-ەوە پێشوازیی لێکرا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتی کۆماری ئازەربایجانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، ئیلهام عەلیێڤ پیرۆزبایی لە بینالی یڵدرم کردووە بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و باس لەوەشکراوە لە سەردەمی سەرۆکایەتی وەزیراندا و لە ئەرکەکانی دیکەشیدا، بینالی یڵدرم رۆڵی بەرچاوی لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئازەربایجان و جێبەجێکردنی پرۆژەی باکو-تبلیسی-قەرس هەبووە.
لە سەردانەکەدا ئیلهام عەلیێڤ باسی لەوەکردووە پەیوەندیی دۆستایەتیی و برایەتیی نێوان تورکیا و ئازەربایجان لە سەرجەم بوارەکاندا گەشەیکردووە و تیشکی خستووەتە سەر گرنگیی هەریەک لە پرۆژەکانی باکو-تبلیسی-جەیهان، تاناپ و باکو-تبلیسی-قەرس کە هەردوو وڵات پێکەوە ئەنجامیانداوە.
سەرکۆماری ئازەربایجان جەختی لەوەکردووەتەوە تورکیا و ئازەربایجان هەمیشە پشتیوانیی یەکتریان کردووە و هەردوو وڵاتیش ئەمڕۆ پێکەوە هەنگاودەنێن، باوەڕی خۆشی نیشانداوە سەبارەت بەوەی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی تورکیا و ئازەربایجان لە سەردەمی یڵدرم-دا بەسەرکەوتوویی بەرەوپێشدەچێت.
لای خۆشییەوە بینالی یڵدرم باسی لەوەکردووە پەیوەندیی دۆستایەتیی و برایەتیی نێوان تورکیا و ئازەربایجان لە سەرجەم بوارەکاندا گەشەیکردووە و بەرەو بەهێزچوونی زیاتریش هەنگاو دەنێت.