Ahmet Dursun,Muhammet Ali Kemal
04 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، حسێن کازمپور ئەردەبیلی ئاشکرایکرد سعوودیە و رووسیا بڕیارەکانی رێکخراوەکەیان لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، پێشێلکردووە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی وزەی ئێران، حسێن کازمپور ئەردەبیلی هەریەک لە سعوودیەی ئەندامی ئۆپیک و رووسیای دەرەوەی ئۆپیکی بە پێشێلکردنی راگەیەندراوی هاریکاریی رێکخراوەکە بە هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، تۆمەتبارکرد.
راشیگەیاندووە "سعوودیە بە بڕی ٣٤٦ هەزار بەرمیل و رووسیا بە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتیان زیادکردووە و ئەم زیادکردنەش پێشێلی ئەو رێککەوتنە دەکات کە سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، واژووکراوە".
ئەردەبیلی ئاماژەی بۆ سزاکانی ئەمریکا لەسەر نەوتی ئێران کردووە و باسی لەوەکردووە وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمنەکردووەتەوە و بەردەوامە لە هەناردەکردن، راشیگەیاندووە "ئەگەر بێت و سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، سعوودیە و رووسیا ناتوانن دەرخستنی پێویستی نەوت بە مەبەستی رێگرییکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا لە بازاڕەکان بکەن".
جەختی لەوەشکردووەتەوە کە مەحاڵە بتواندرێت سزا بخرێتە سەر نەوتی ئێران و داوای لە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کردووە دەستبەرداریی تووڕەیی ببێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئێراندا لەبارەی رێککەوتنە ئوتۆمییەکە.