قاھیرە
محەمەد عەلی بەشیر، وەزیری پێشووی گەشەپێدانی میسر و سەرکردەی کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی لە میسر رایگەیاند: بانگەوازی دانوستان، کودەتاچی و ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی خەڵک، ئەوانەی لەدژی دەستوور و رەوایەتی وەستاونەتەوە ناگرێتەوە.
بەشیر لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "پرۆسەی رێککەوتنی نیشتمانی لە پێناو رەتکردنەوەی کودەتا و پشتگیرییکردنی رەوایەتی، بە ئامانجی رزگارکردنی وڵات لەو قەیرانە سیاسیەی پێیدا تێپەڕدەبێ، دەستپێکراوە. بانگەوازی دانوستان ئەوانە ناگرێتەوە لەڕێی کودەتای سەربازیی ھاتوونەتە سەر دەسەڵات."
بەشیر بەڕاشکاوانە رایگەیاند: بانگەوازی ئەوان شمولی وەزیری بەرگریی میسر عەبدولفەتاح سیسی ناکا، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ پاراستنی ھێزە چەکدارەکان : "بەڕێوەبەرایەتی لەگەڵ دەزگای ھێزە چەکدارەکان، دەزگای دادوەری و ئەوانەی رەوایەتی دەدەنە کودەتا، دادگای دەستووری و سەرۆکی پێشووی ئەو دادگایە لەیەکتر جیادەکەینەوە. رێز لە ھێزە چەکدارەکان دەگرین. کێشەمان لەگەڵ دامەزراوەی ئەزھەر نییە، لەگەڵ ئەو کەسانەدا نییە کە لەناو ئەزھەردا بۆچوونیان لەگەڵ ئێمە ناکۆکە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ ئەحمەد ئەلتەیب شێخی ئەزھەر ھەیە."
رێککەوتنی لەدژی کودەتا دوێنێ یەکشەممە راگەیەنرا، تێیدا داوا کراوە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی دوای کودەتای سێی تەمموز ھاتۆتە ئاراوە، ھەموو ھێزە شۆڕشگێڕەکان، پارتی سیاسی و سەرکردەکان دەست بە " دانوستانێکی ریشەیی " بکەن.
لە بەڵگەی رێککەوتنی دیالۆگی نیشتمانی دا داوا دەکرێ کۆتایی بە رژێمی کودەتا بھێنرێ و دەسەڵاتێکی دیموکراتی شوێنی بگرێتەوە، تاوەکو بتوانرێ بە بەشداریی ھەموو خەڵکی میسر دەوڵەتێکی دیموکراتی و ھاوچەرخ دروست بکرێ، ئەمانەشی بە " ئامانجی ستراتیژیی" وەسفکردووە.