Zana Natık Kerem
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاشكرای كرد، نابێت مەترسیی تیرۆر بە کەم سەیر بکرێت و جەختیشی لەوە کردووە کە پێویستە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ریشەکێش کردنی تیرۆر لە ناوچەکە و جیھان پتەوتر بکرێت.
بەرھەم ساڵح لەبارەی ھێرشەکەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیوویەتی:"روداوە تیرۆریستییە قێزەونەکەی قەزای تارمییە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پێویستە ھەوڵە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی کردنی ھێزە ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت و ناشبێت مەترسیی تیرۆر بە کەم سەیر بکرێت".
سەرکۆماری عێراق ئاماژهی بهوه كردووه، کە پێویستە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ریشەکێش کردنی تیرۆر پتەوتر بکرێت بۆ ئەوەی رێگە بە تیرۆریستان نەدرێت لە ھیچ ناوچەیەکدا لە جیھان، پەناگەی خۆ حهشاردانیان ھەبێت.
دوێنێ ھەینی تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردبووە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای تارمییە و بە ھۆیەوە جێگری فەرماندەی فەوجی کۆماندۆ سەر بە لیوای ١٢ی حەشدی شەعبی، زرغام عەدنان ھانی جەنابی لەگەڵ سێ چەکداری دیکە کوژران و شەش چەکداری دیکەیش برینداربوون.