Zana Natık Kerem
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای کەرکووک، دوو تیرۆریست و شەش کەسی داواکراویان دەستگیر کرد و دەستیشیان بەسەر ٧٦ مووشەک و چوار بۆمبدا گرت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکووک لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، توانیویانە دوو تیرۆریست کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆری داواکراو بوون لەگەڵ شەش کەسی داواکراو لە پارێزگای کەرکووک، دەستگیر بکەن.
باس لەوەش کراوە کە ھەروەھا ھێزەکانی فەوجی سێ سەر بە لیوای ٥٦ی سوپا و بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی و ئاسایشی کەرکووک لەگەڵ ھێزەکانی حەشدی ھۆزەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دۆڵی ئەبو شەحمە سەر بە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، حەشارگەیەکی داعش لە ناوچەکە دۆزراوەتەوە کە ٧٦ مووشەک و چوار بۆمبی تیایدابووه و له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: "حەشارگەکە خاپوور کراوە و مووشەک و بۆمبەکانیش دەستیان بەسەردا گیراوە".