Hamit Hüseyin
12 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری تورکیا، فاتیح یڵدز کرد.
بە پێی راگەیەندراوی رۆژنامەوانی لە نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری ، وەزیری دارایی کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ نێردراوە لە دیدارەکەدا فاتیح یڵدز پیرۆزبایی پێکھێنانی حکوومەت و وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی لە د.فوئاد کردووە.
لەلای خۆشیەوە فوئاد حوسێن سوپاسی باڵیۆز و حکومەتی تورکیا کرد بۆ پێشکەشکردنی پیرۆزباییان و تیشکی خستە سەر پەیوەندییە دێرینەکانی دۆستایەتی نێوان عێراق وتورکیا وجەختی لەسەر پێشخستنی ئەم پەیوەندیيانە کردەوە.
ھاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە تورکیا دراوسێیەکی گرنگی عێراق و توانا ئابووریەکانیشی بە سەرکەوتوو وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەش باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆمپانیاکانی تورکیا بەوپەڕی چالاکییەوە لە عێراق کار دەکەن و ھەمیشە گرنگیان بە جۆر و کواڵیتی بەرھەمەکانیان داوە و بازاڕی عێراقیش متمانەیەکی زۆری بە کاڵای تورکی ھەیە، وھەردوولا پێویستی ھەبوونی ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا و بەرھەمی جۆراوجۆر و سوککردنەوەی ڕێ و شوێنە گومرگییەکان و باج لە نێوان عێراق و تورکیادا کردەوە ئەمە جگە لە فراوانکردنی بواری بازرگانی وئابووری لەنێوان ھەردوو وڵات دا.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە واژووکردنی ڕێککەوتن لەبارەی نەمانی جیاوازی لە باج لەنێوان ھەردوو وڵات دا کردەوە دوای ھەموارکردنی چەندین خاڵ تیایدا .
فاتیح یڵدز باسی لە گرنگیدانی تورکیا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق کردەوە بە بەشداریکردنی لەو پرۆسەیە بە مینحەی ٥ ملیار دۆلار ئەمە جگە لە قەرزی ئاسان ئاشکراشی کرد تورکیا لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێداویستیە گرنگەکانی حکومەتی عێراق نارد.
لە کۆتاييدا د.فوئاد دووپاتیکردەوە کەحکوومەتی عێراق پرسی پرۆژەکانی ئاو و ئاودێری وبونیادنانی بەنداوی بچووکی جیاواز لە نێو خاکی خۆی دا بە گرنگ دەزانێ بەو پێیەی پرسی گرنگیدان بە سامانی ئاو خاڵێکی گرنگی پرۆگرامی حکومەتی عێراقە بەتایبەتی لەڕووی ھەڵگرتن و پاراستنی ئاو و بەھەدەر نەدانی ئەم سامانە ئەمە جگە لە بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و پەرەپێدانی سامانی ماسی و گەشت و گوزار و ژینگە و کشتوکاڵ .